محەمەد موکری.. نیو سەدە لە خزمەتکردنی ئەدەبیات و هونەری کوردی

یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندانی کوردستان، بەنزیکەی نیو سەدە، خزمەتی بە ئەدەبیات و رۆشنبیریی کوردیی کردووە، محەمەد موکری، رێکەوتی شەشی ئایاری 2012، کۆچیدوایی کردووە.

محەمەد موکری، ساڵی 1945، لە گەڕەکی قەڵای شاری کەرکووک لەدایکبووە، لە سەرەتای تەمەنی لاوییدا، پاش تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی، گرنگییەکی گەورەی بە ئەدەبیات و هونەری کوردیی داوە، توانیویەتی لە ئاستی هونەری شانۆ و نووسینی چیرۆک و رۆماندا، دەستێکی دیاری جیهانی ئەدەبیات و هونەری کوردیی بێت.

بەرامبەر بە هەستی خەباتگێڕیی و شۆڕش، هەڵوێستێکی کوردپەروەرانەی هەبووە، محەمەد موکری، بە چەک و قەڵەم، بۆ ماوەی نۆ ساڵ بەرگریی لە نەتەوەی خۆی کردووە، لە شار و شاخ، بایەخی بە کاری رۆژنامەنووسی داوە و لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی خۆیدا، بابەتی بڵاوکردووەتەوە، گۆڤاری کولتووریی لە شاخ و پەیڤینی لە شار دەرکردووە.

لە ئاستی وەرگێڕاندا، موکری توانیویەتی چەندین کاری ناوازە ئەنجامبدات، 10 شاکاری شانۆیی گەورەی شانۆنووسانی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هاوکات، توانیویەتی چەندین چیرۆک و رۆمان بنووسێت، لە دیارترینیان: تۆڵە، سەگوەڕ، ئەژدیها، نێچیر و هەرەس، کە لە ناوەڕۆکی سەگوەڕدا، رەخنەی لە شۆڕش گرتووە و مشتومری دروستکردووە، لە ئاستی نووسینی دەقی شانۆدا، خاوەنی چەند داقێکی ناوازە و ناسراوە، ئەوانیش: هارونە رەشید و دادگا.

رێکەوتی شەشی ئایاری ساڵی 2012، لە تەمەنی 67 ساڵییدا کۆچیدوایی کردووە و لە شاری سلێمانی، لە گۆڕستانی راپەڕین بەخاک سپێردراوە.