فێستیڤاڵی "شانۆی ئامەد" لە دیاربەکر بەردەوامە

نۆیەم "فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد" لە شاری دیاربەکری باکوری کوردستان دەستیپێکرد و تیایدا ژمارەیەک شانۆی کوردیی، لەماوەی نۆ رۆژی بەردەوامبوونی چالاکییەکاندا، نمایشدەکرێن.

بەناونیشانی "بە بوونی خۆمان، بە خۆبوونی خۆمان"، نۆیەم "فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد"، لە شاری دیاربەکری کوردستان، لە کۆشکی مێژوویی ئەسکەندەر پاشا، رێکەوتی 18ی نیسان دەستیپێکرد و لەماوەی چالاکییەکاندا، چەندین شانۆیی کوردی پێشکەشدەکرێن.

لەچوارچێوەی فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵدا، شانۆییەکان بە شێوەزارەکانی سۆرانی و کورمانجی کوردی هاوتای زمانی تورکی نمایشدەکرێن، هاوکات چوار شانۆیی تایبەت بە ژنان، پرس و ئاڵنگارییەکانی ئەم توێژە دەخەنە روو.

بە گوتەی بەرفین ئەمەکتار، شانۆگەر و رێکخەری فێستیڤاڵەکە بۆ کەناڵ8، "بینەران هاوتای شانۆی کوردی گەشەیان کردووە، فێستیڤاڵەکەی ئەمساڵ، گرنگە بۆ گەڕانەوەی ناسنامەی فرەزمان و فرەکولتووری ئامەد"، بەرفین ئومێدەواریی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بەوەش دا؛ هیوادارن هەزاران بەشداربوو روو لە فێستیڤاڵەکە بکەن.

لە دەرەوەی پرۆگرامی نمایشی شانۆییەکاندا، سیمیناری تایبەت بە فێستیڤاڵەکە رێکدەخرێت و مژارە هونەرییەکان دەخرێنە بەرباس، ئەمەش لەکاتێکدایە، 18 شانۆیی جیاواز نمایشدەکرێن، 10 شانۆیی بە شێوزاری کورمانجی، سێ شێوەزاری سۆرانی و یەک شانۆیی دیملیکی هاوتای پێنج شانۆیی بە زمانی تورکی پێشکەشدەکرێن.