شانۆیی "خەڵات" لە وڵاتی هۆڵەندا نمایشی دەستپێکرد

گروپی شانۆیی بێسنوور، نمایشکردنی شانۆیی "خەڵات"ی دەستپێکرد و چەندین شانۆکاری کورد و بیانی لە سایەی گێڕانەوەی کۆمەڵە چیرۆکێکدا کۆدەکاتەوە.

شانۆیی خەڵات، لەلایەن شانۆکار، باکۆ سۆرانی رێژیسووری بۆ کراوە، ناوەڕۆک و تێکستی شانۆییەکە، تێکهەڵکێشی ژمارەیەک چیرۆکی سادەی رۆژانە و کێشە باوەکانی ژیانە، کە لە ژینگەیەکی فرە کولتووریی وڵاتی هۆڵەندا دەنەخشێن.

شانۆییەکە، بە زمانی هۆڵەندیی نمایشدەکرێت، بەشێوەیەکی راگوزاریی پرۆڤەی لەسەر کراوە، هاوکات ژمارەیەک دایەلۆگی کوردییشی تێکەڵکراوە و موزیکەکەی لەلایەن موزیکدانەر و ژەنیار، هەمە بەکر، بۆ دانراوە.

ئەو ئەکتەرانەی لەم شانۆییەدا بەشدارییان کردووە، لە کورد و ژاپۆنی و هۆڵەندیی پێکهاتوون، دیارترینیان بریتین لە: باڵا دەروێش، یومی، بێن، ئێڵا و ئێسترئێس.

بە گوتەی باکۆ سۆرانی، رێژیسوور و خاوەن بیرۆکەی شانۆیی خەڵات، "کاتی شانۆییەکە بەسەر دەمی رابردوو و ئێستادا دابەش بووە، بەشی یەکەم، چیرۆکی راستەقینە و سادەی کارەکتەرەکان دەگێرێتەوە، لە بەشی دووەمیشدا، دیوی شاراوەیان دەردەکەوێت و ماسکی نەناسراویی دەپۆشن و دوورن لە کەسایەتیی راستەقینەی خۆیانەوە"، ئاماژە بەوەش دەدات؛ ناوەڕۆکی گێڕانەوەی ئەم شانۆییە بەچەشنێکە، بینەر خۆی لە دیمەن و ساتەکاندا دەبینێتەوە، بەدیاریکراویی، لە خۆوونکردنی تایبەتی و گۆڕینی کەسێتیی بۆ رای گشتی.

باکۆ بە کەناڵ8ی گوت، "چیرۆکەکانی ئەم شانۆییە، راستەقینەن و ژیانی سادەی رۆژانە دەگێڕنەوە، کۆمیدیای رەش و تراجیدیا ئامادەییان هەیە، کە پێکڕا، ئاڵۆزی و یەکڕەنگیی دەردەخەن".

بیرۆکەی شانۆیی خەڵات، خاوەنی بونیادێکی فەلسەفیی گۆڕاوە، بێهوودەیی ژیانی کەسایەتییەکان دەگرێتە خۆ، لەوانە ژیانی بێکارێک، خانمێکی پاسکیلسوار، پیرەژنێکی بێهیوا و ژاپۆنییەک کە لە کولتوورێکی تەواو نوێدا خۆی دەبینێتەوە، هەمووان بەدوای خۆشبەختییدا وێڵن و لە چاوەڕوانی خەڵاتێکدا دەژین.

بە گوتەی باکۆ سۆرانی، "هەمە بەکر، وەکو موزیکدانەری ئەم شانۆییە، ماوەی 26 ساڵە بەردەوام خزمەتی کولتووری کوردیی کردووە، هاوکات شانۆییەکە سوودێکی گەورەی لە نواندنی ئەکتەرە فرە کولتوورییەکان وەرگرتووە، بەدیاریکراوییش کولتوورەکانی کوردستان، هۆڵەندا و ژاپۆن".

نمایشی شانۆیی خەڵات، رێکەوتی 12 و 13ی نیسان، لە شانۆی خیخانتی وڵاتی هۆڵەندا دەستیپێکردووە و بڕیارە نمایشەکەی لە ژمارەیەک هۆڵی شانۆی دیکەی وڵاتەکەدا بەردەوام بێت.

شانۆی بێسنوور، زیاتر لە 29 ساڵە، لە وڵاتی هۆڵەندا بەردەوامە لە پێشکەشکردنی نمایشە هونەرییەکان و لەڕێگەی شانۆوە، توانیویەتی کولتووری کوردیی بە کولتووری وڵاتانی دیکە بناسێنێت و لە دەیان سەکۆی شانۆ و گۆڕەپانەکانی نمایش و فێستیڤاڵی جیاوازی ئەم وڵاتەدا کاری کردووە.