بەهۆى زانیاریى هەڵە سکاڵا لەسەر ChatGPT تۆمار دەکرێت

مۆبایلێک لۆگۆى ChatGPT لەسەرە. فۆتۆ: AP

گرووپێکی هەڵمەتی پاراستنی نهێنی کە بنکەکەی لە ڤیەنایە ئەمرۆ رایگەیاند، سکاڵا لەسەر (چات جی پی تی) لە نەمسا تۆماردەکەن، ئەوەش بە تۆمەتى بەوەی کە ژیرییە دەستکردەکە وەڵامی هەڵە دەداتە بەکارهێنەران.

گرووپەکە ناویان (نەن ئۆف یۆر بزنسە) و دەڵێن، هیچ رێگەیەک نییە بۆئەوەی گەرەنتی ئەوەبکات کە زانیارییەکانی چاتبۆتەکە دەیداتە بەکارهێنەران راست ودروستە، تەنانەت کۆمپانیای (ئۆپن ئەی ئای) دروستکەری ناتوانن چاتبۆتەکە لە هەڵەکردن بوەستێنن.

سکاڵاکارەکە کەسایەتییەکی بەناوبانگە، پرسیاری لە (چات جی پی تی) کردووە سەبارەت بە رۆژی لەدایک بوونەکەی و چەندین جار زانیاری هەڵەی پێدراوە، ئەمە لەبری ئەوەی چاتبۆتەکە بە بەکارهێنەرانی بڵێت، کە داتای پێویستی نییە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە.

مارتی دی گراف، پارێزەری پاراستنی زانیارییەکان لە کۆمپانیای (نەن ئۆف یۆر بزنس) دەڵێت، ئەگەر سیستمێک نەتوانێت ئەنجامی ورد و شەفاف بەرهەمبهێنێت، ناتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی زانیاری دەربارەی تاکەکان.

گرووپەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەم جۆرە هەڵانە بۆ زانیاری دەربارەی تاکەکان قبوڵناکرێن، چونکە یاسای یەکێتی ئەوروپا دیاریکردوە کە دەبێت زانیارییە کەسییەکان زۆر ورد و دروستبن.