ئۆکرانیا بە ژیریی دەستکرد گوتەبێژێک دروستدەکات
ئۆکرانیا یەکەم گوتەبێژی ژیریی دەستکردی، بە ناوی ڤیکتۆریا شی راگەیاند، لەمەودوا ڤیکتۆریا نوێنەرایەتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە دەکات و راگەیەندراوەکانی وەزارەتەکە لە زاری ڤیکتۆریاوە بڵاودەکرێنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاند " بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا" گوتەبێژێکی دیجیتاڵ بەکاردەهێنێت بۆ خوێندنەوەی لێدوانەکانی، کە لەلایەن مرۆڤەوە نووسراوە.
بە پۆشاکێکی رەنگی رەشەوە، گوتەبێژەکە خۆی بە ڤیکتۆریا شی ناساند، کە "کەسێکی دیجیتاڵ"ەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە.
دەزگای میدیایی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەو لێدوانانەی شی پێیدەدرێت لەلایەن ژیریی دەستکردەوە نەنووسراوە، بەڵکو "لەلایەن خەڵکی راستەقینەوە نووسراوە و پشتڕاستکراوەتەوە"، تەنیا کارەکتەرە بینراوەکەیە کە بە یارمەتی ژیریی دەستکرد دروستکراوە.
دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا گوتی، گوتەبێژە نوێکەی ئۆکرانیا، "هەنگاوێکی تەکنەلۆجییە کە هێشتا هیچ خزمەتگوزارییەکی دیپلۆماسی لە جیهاندا نەیکردووە".
هەروەها گوتیشی هۆکاری سەرەکی دروستکردنی گوتەبێژە دیجیتاڵییەکە، گەڕاندنەوەی کات و سەرچاوەیە بۆ دیپلۆماتکاران.
02/05/2024