شانۆی بێسوور بۆجاری دەیەم بەشداری لە فێستیڤاڵی کولتووری هۆڵەندا کرد

شانۆی بێسنوور بۆ جاری دەیەم، بەشداریی لە فێستیڤاڵی هەفتەی کولتوور لە وڵاتی هۆڵەندا کرد، کە تێیدا بە بەشداریی چەندین گروپ چالاکییەکانی وەک موزیکی میللی، سەما، و شانۆیی و هتد، پێشکەش کران.

باکۆ سۆرانی، شانۆکار، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، شانۆی بێسنوور بۆ جاری دەیەمە بەشداری لە فێستیڤاڵی کولتوور لە نزیکەوە دەکات، کە ئەم بۆنەیە کولتوورییە و بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 300 گروپی جیاواز لە بوارەکانی، موزیکی میللی، سەما، شانۆ، گۆرانی، چیرۆک و شیعر بەشدارییان تێدا کردوە.

لە میانی ئەم فێستیڤاڵەشدا، لە زۆرینەی شوێنەکانی شاری ئاپڵدۆرندا چالاکی ئەنجامدرا، وەک شانۆکان، شەقامەکان، شوێنە هونەرییەکان و ئەو جێگەیانەی کە گونجاون بۆ نمایشەکان.

شانۆی بێسنوور بە پڕۆژەی "هەمووان" بەشداری کردووە، کە پڕۆژەیەکی کولتوورییە، تێکهەڵکێشێکە لە چەندەها چالاکیی جۆراوجۆر، ئامانجیش لێی نیشاندانی کولتووری هەمەڕەنگی کوردیی و بێسنوورییە لەنێوان کولتوورەکاندا.

ئەو شانۆکارە ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە چالاکییەکانی ئەم پڕۆژەیەش، کورتەشانۆیی (وێستگە) بووە، کە بیرۆکەی باکۆ سۆرانی خۆیەتی، هەمە بەکر کاری موزیکی بۆ کردوە، چەند ئەکتەرێکی کورد و هۆڵەندیش رۆڵیان تێدا بینیوە.

گوتیشی، "ئه‌م کاره‌ باس له‌ کۆمه‌ڵێک که‌سی جیاجیا ده‌کات، که‌ لە وێستگەیەکدا چاویان بەیەکتری دەکەوێت، ھەندێکیان رەشبینن بە ژیانی فرە کولتووری و دژی بێگانەکانن، لە نێویشیاندا پزیشکێکی بیانی کە پێشتر زۆر سەرزنشت دەکرێت لەلایەن کەسایەتییە ھۆڵەندییەکانەوە، دواتر دەبێتە ھۆکارێک بۆ پێکەوە ژیان و نیشانی دەدات کە تەنھا ژیانی فرەکولتووری واتای پێکەوە ژیانە".

ئەم کورتە شانۆییە لەڕۆژی 21ـی نیساندا، سێ جار لە سەنتەری پەیوەندی د.ئارکڵ نمایشکراوە.

ھاوکات، لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکاندا ھەمە بەکری موزیکژەن، چەند موزیکێکی رەسەنی کوردی پێشکەش بە بینەران کرد و لەگەڵ فاتمەی ئەفغانیش چەند میلۆدییەکی رۆژھەڵاتییان چڕاندووە.

هەر لەو بارەیەوە باکۆ سۆرانی گوتی، " من گەلێک دڵخۆش بووم بەم چالاکییە، چونکە لە رێی بەرھەمەکەمانەوە کولتووری کوردی خۆمان ئاشنای بینەرانی ئێرە کرد."