عێراق 700 کەسی دیکەی لە کامپی هۆلەوە گەڕاندەوە

چەند منداڵێک لەناو کەمپى هۆل. فۆتۆ: AP

روانگەی مافی مرۆڤی سووریا بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق 700 کەسی دیکەی لە خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعش لە کامپی هۆلەوە بۆ وڵاتەکەی گەڕاندووەتەوە.

عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، نزیکەی 700 هاوڵاتی عێراقییان لەکامپی هۆڵ لەسووریا گێڕاندووەتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن و کەسوکاری چەکدارانی رێکخراوی داعش و گرووپە توندڕەوەکانن.

هاوکات، روانگەی مافی مرۆڤی سوریا کە بارەگاکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە ئاشکرایکرد، لە نوێترین هەوڵی حکومەتی عێراق بۆ گێرانەوە ئەو خێزان و پەنابەرانەی کە لە دوای روخانی داعشەوە لە کامپی هۆل جێگیر کراون، رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە 714 هاوڵاتی عێراقی کامپەکەیان بەرەو عێراق جێهێشتووە و گەڕێنراونەتەوە.

رێکخراوەکە ئاشکرایکردووە، کاتێک ئەو خێزانە عێراقییانە دەگەڕێنرێنەوە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە کامپی جدعە لە نزیک شاری موسڵ دەهێڵرێنەوە، بۆ راهێنانی دەروونی و دووبارە هەوڵی تێکەڵکردنەوەیان بە خەڵک و کەسوکاریان، لە مانگی ئازاری رابردووشدا نزیکەی 160 خێزانی دیکەی عێراقی کامپەکەیان بەرەو عێراق جیهێشت.

لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 900 خێزانی عێراقی لە کامپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق، کە ژمارەیان حەوت هەزار و 556 کەس بوون.

کامپی هۆل لەناو خاکی سووریا و لە نزیک سنووری عێراق، نزیکەی 43 هەزار هاوڵاتی سووری و عێراقی و بیانی لە 45 دەوڵەتەوە تێدا جێگیرکراوە، بەڕێوەبردنی کامپەکەش لەژێر چاودێرییەکی توندوتۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیدایە.