ماجەلان.. داستانی دۆزینەوەی زەریا و گەڕان بەدەوری زەویدا

بە گەورەی گەڕیدە و گەشتیارە جیهانییەکان ناسراوە، بە ناسنامەیەکی پرتوگالی لەژێر ئاڵای ئیسپانیا هەوڵی دۆزینەوەی رێگەی ئاویی و ناوچەی نوێی جیهانی داوە، فێردیناند ماجەلان چۆن توانی خولی دەوران بە زەویدا تەواوبکات؟

فێردیناند ماجەلان، یەکێکە لە دیارترین گەڕیدەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، ساڵی 1480 لە وڵاتی پرتوگال لەدایکبووە، سەرمەشق و رابەری گەشتە ئیسپانییەکان بووە و بەهۆیەوە وەکو خیانەتکار لە وڵاتی پرتوگال دیاریکراوە، ماجەلان گەرچی 41 ساڵ ژیاوە، بەڵام توانیویەتی چەندین ئەرکی سەخت بۆ گەڕان بەدوای ناوچەی نوێی زەویدا ئەنجامبدات.

کەشتییەکەی ماجەلان خاوەنی دەستەیەکی نێودەوڵەتیی و هەمەچەشنی کولتووریی بووە، چەندین کەسایەتیی بە ناسنامە و رەگەزنامەی جیاواز کاریان بۆ کردووە، کەشتیوانە ئەوروپییەکان خزمەتی گەشتەکەیان کردووە، لە وڵاتانی ئیسپانیا، پرتوگال، یۆنان، ئینگلترا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و باکوری ئەفریقا کەشتیوانی وەرگرتووە و پێکەوە بەرەو بەدیهێنانی خەونی دۆزینەوەی خاکی نوێ گەشتیان کردووە.

لە بنەڕەتدا، ماجەلان گەشتەکەی بۆ دۆزینەوەی رێگەی نوێی ئاویی دەستپێکردووە بەرەو دورگەکانی مۆلوکاس لە ئیندۆنیزیا، کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە بەهارات و سەرچاوەی گیایی، بەڵام لەمیانی ناکۆکی نێوان پرتوگال و ئیسپانیا، ماجەلان ناچار بووە رێگە ئاوییەکانی بەرەی رۆژئاوا بگرێتە بەر و بەدەوری ئەمریکای باشوور بسوڕێتەوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی گەشتە ناوازەکەی بوو بەدەوری زەویدا و توانی ببێت بە یەکەم کەشتیوان لە مێژووی مرۆڤایەتییدا خولی دەوران بە زەویدا تەواوبکات.

ماجەلان پرتوگالی بووە، بەڵام چارلسی یەکەمی پادشای ئیسپانیا، هاوکاریی کردووە و کۆی پاڵپشتییەکانی بۆ تەرخانکردووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی توڕەبوونی پادشای پرتوگال بووە، کە بەردەوام هەوڵیداوە دەستبەسەری بکات و وەکو کۆیلە بیگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی خۆی.

لە سنووری گەشتەکانیدا، ناکۆکی و ئاڵنگارییەکان بەرۆکی ماجەلانیان بەرنەداوە، ئەم کەشتیوانە پرتوگالییە، هەمیشە جێگەی ئیرەیی ئەندامە ئیسپانییەکان بووە، چەندین جار هەوڵی وەستاندن و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی دراوە، بەڵام توانیویەتی بەسەریاندا زاڵ بێت، کەشتیوانەکانی بەردەوام لەدەستداوە، هەر کاتێکیش هەستی بە پلانی لەناوبردنی کردبێت، هەموو ئەو کەسانەی نەفی کردووە کە دژی وەستاونەتەوە.

گەشتەکانی ماجەلان هەوێنی چەندین چیرۆک و داستانی خەیاڵیین، لە تۆمارێکدا، کەشتیوانەکان ئاماژە بەوە دەدەن؛ لە گەشتێکیان بەرەو پاتەگۆنیا لە ئەمریکای باشوور، رێیان کەوتووەتە پیاوێکی زەبەلاح، کە باڵای دوو مەتر و نیو بووە و نەیانزانیوە راستەقینەیە یان بوونەوەری سەروو سروشتی، لەگەڵیاندا گەشتی کردووە و بووە بە ئەندامی کەشتیگەلەکەی ماجەلان، بەگوێرەی بەڵگەنامە مێژووییەکان، ئەم زەبەلاحە، هیچ نەبووە جگە لە ئەندامێکی کەمینە نەتەوەی تێهوێلچی لە بەرەی رۆژهەڵاتی پاتەگۆنیا، کە بە بەهێزیی جەستە و باڵای بەرز تایبەتمەندن.

ساڵی 1520، پاش تێپەڕاندنی چەندین زریانی مەترسیدار و لەدەستدانی یەکێک لە کەشتییەکانی، لە نزیک بەرەی باشووری کیشوەرەی ئەمریکای باشوور، دەگات بە ناوچەیەک کە ئێستا بە گەرووی ماجەلان ناسراوە، هێمنیی ئاوەکەی، وادەکات ماجەلان ناوی بنێت زەریای هێمن، بە ئومێدی گەیشتن بە دورگەی بەهارات، ئومێد بۆ تەواوبوونی گەشتەکەی دەخوازێت، نائاگا لەوەی، 98 رۆژی زیاتر لە زەریادا دەمێنێتەوە بۆ گەیشتن بە مۆلوکاس.

یەکێک لە دیارترین ئەندامانی گەشتەکەی ماجەلان، پیاوێکی کۆیلە بووە بەناوی ئێنریکی، کە هەر لە سەرەتای گەشتەکەی ماجەلانەوە، وەکو کاپتن کاری کردووە، ئێنریکی، سەر بە کەمینە نەتەوە رەسەنەکانی بەرەی رۆژهەڵاتی ئەندێز بووە، خاوەنی شێوەزاری مالای بووە، گەشتەکەی لەگەڵ ماجەلاندا بەدەوری زەویدا، وادەکات یەکەم بیانیی نائەوروپیی بێت لە مێژوودا، بەدەوری زەویدا گەشتی کردبێت.

ماجەلان کەسایەتییەکی ئاینیی هەبووە، رووی لە هەر دورگەیەک کردبێت، هەوڵی داوە پادشا و خەڵکەکەی بخاتە سەر ئاینی کریستیانی، ئەم هەوڵە بەردەوام ئاڕاستەیەکی توندڕەوانەی هەبووە، هەموو ئەوانەی بەرهەڵستیی بانگەوازە ئاینییەکەیان کردووە، لەناوبراون، ساڵی 1521، لە وڵاتی فیلیپین، پاش ئەوەی دەکەوێتە شەڕی بانگەوازە ئاینییەکەیەوە لەگەڵ پادشا لاپو-لاپو'ی ناوچەی ماکتان، ئەم شەڕە، کۆتا ساتی ماجەلان دەبێت و دەکوژرێت، مردنی ماجەلان و جێهێشتنی ناوبانگەکەی، لە ئاستی ناوخۆی وڵاتەکەیدا نازناوی خیانەتکاری لێدەکەوێتە و کەمترین کەس وەکو پاڵەوانی گەڕیدە و بانگخوازی سەرسەخت دەیناسێنن، رێکەوتی 27ی هەموو نیسانێک، کە رۆژی مردنی ماجەلانە، لەلایەن فیلیپینییەکانەوە یادی دەکرێتەوە و بە شانۆیی و چالاکیی هونەری، چیرۆکی گەشت و مردنی ماجەلان دەگێڕنەوە.

یەکێک لە کەشتییە تایبەتییەکانی ماجەلان بەناوی ڤیکتۆریا، تاقە کەشتی رزگاربووی گەشتەکەیەتی، کە ساڵی 1522، تەنها بە 18 کەسەوە لە بنەڕەتی 260 ئەندام، دەگاتەوە بە وڵاتی ئیسپانیا، لەگەڵ خۆیاندا نازناوی دەورانێک بە زەویدا دەبەنەوە، گەشتێک کە بۆ زۆرینە وەکو ئەفسانەیەکی ناراستەقینە بینراوە، زۆرینەی گەڕیدە و کەشتیوانەکان بە چیرۆکەکەی ماجەلان کاریگەر بوون، بەڵام بەنزیکەی 60 ساڵ پێویست بووە، تاوەکو گەڕیدەیەکی دیکە و بۆ دووەم جار، بتوانێت گەشتێک بەدەوری زەویدا ئەنجام بدات و ساڵی 1577، سێر فرانسیس درەیکی ئینگلیزی، هەمان رێچکەی ماجەلان دەگرێتە بەر و ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تاوەکو بۆ جارێکی دیکە، خەونی مرۆڤ بەدیبهێنێت لە گەڕانی تەواوەتیی بەدەوری زەویدا.