ئێران حەوت کەسی لە تیمی کەشتی ئێم ئێس سی ئارێز ئازاد کرد

كەشتی ئێم ئێس سی ئارێز

وەزارەتی دەرەوەی پۆرتوگال ئاشکرایکرد، ئێران حەوتی کەسی لە تیمی ئەو کەشتییە ئازاد کرد، کە  لە 13ی مانگی نیسانی رابردوودا لە ئاوەکانی کەنداو بە تۆمەتی پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە دەستیبەسەردا گرتبوو.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی پۆرتوگال بڵاویکردەوە، ئێران حەوت کەسی لە تیمی کەشتی (ئێم ئێس سی ئارێز) ئازاد کرد، کە پێکهاتوون لە پێنج هاوڵاتی هیندی و فیلیپینییەک و هاوڵاتییەکی دیکەی ئستۆنی.

حکومەتی ئێران لە رۆژی 27ـی مانگی نیسانی رابردوودا، لەسەر زاری حوسین ئەمیر عەبدوڵاهیان، بە پاولۆ رانگل هاوتا پرتوگالییەکەی راگەیاندبوو، ئێران بابەتی مرۆیی لەبەرچاو دەگرێت، لە ئازادکردنی تیمی کەشتییەکە، کە بە تۆمەتی پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە، لە لایەن هێزە دەریاییەکانی ئێرانەوە لە نزیکی گەرووی هورمز دەستیبەسەردا گیراوە.

لە کاتی دەستبەسەراگرتنی کەشتییەکەدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، بەهۆی پێشێلکاریی بنەماکانی دەریاوانی نێودەوڵەتی و وەڵامنەدانەوەی لایەنە ئێرانییەکان بەشێوەیەکی دروست، دەستبەسەر کەشتییەکەدا گیراوە.

لە دواى سەرهەڵدانى شەڕی غەززە، بە بیانووی کردنەئامانجی کەشتییە ئیسرائیلییەکان لە ناوچەی کەنداو و دەریای سوور، هێزی دەریایی ئێران تاوەکو ئێستا دەستی بەسەر چەندین کەشتی بازرگانیدا گرتووە و دوای ساغبوونەوەیان کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە نییە، دەستبەرداریان بووە و تیمی کەشتییەکانیشی ئازاد کردووە.