حکومەتی ئیسپانیا کولتووری شەڕکردن لەگەڵ گا هەڵدەوەشێنێتەوە

وڵاتی ئیسپانیا، سەرقاڵی ریفۆڕم و نوێکردنەوەی کولتوورە، لەچوارچێوەی نوێترین دەستپێشخەرییدا، حکومەتی وڵاتەکە، چیتر رێگە بە نەریتی شەڕکردن لەگەڵ گا نادات و ئەم نەریتەی هەڵوەشاندەوە.

لەسایەی پاراستنی مافی ئاژەڵان و رەچاوکردنی دۆسیە یاساییەکانی دژ بە نەریت و وەرزشی شەڕکردن لەگەڵ گا، حکومەتی ئیسپانیا بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئەم نەریتە کولتوورییەی دا و لێرە بەدوا هیچ خەڵاتێکی فەرمیی بۆ براوەی ئەم جۆرە نەریتە دابەشناکرێت.

سەدان ساڵە ئیسپانییەکان پابەندن بە بەڕێوەبردنی نەریتی شەڕکردن لەگەڵ گا و دابەشکردنی خەڵات بەسەر ئەوانەی بە باشترین جۆر زۆرانبازیی لەگەڵ گا دەکەن، بەڵام حکومەتی وڵاتەکە چیتر رێگە بە بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە مەراسیمانە نادات.

بەشێکی زۆر لە پارێزەرانی کەلەپوور و نەریتی ئیسپانیا، جەخت لە پاراستن و هێشتنەوەی کولتووری شەڕکردن لەگەڵ گا دەکەنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەم نەریتە، زۆرینەی کاتەکان، بە کوژرانی ئاژەڵەکان کۆتایی هاتووە و یاریزانەکان کە بە ماتادۆر ناسراون، بە شمشێر کۆتایی بە ژیانی گاکە دەهێنن.

بە گوتەی وەزیری کولتووری ئیسپانیا، "هەڵوەشاندنەوەی دابەشکردنی خەڵات بەسەر براوەکانی شەڕکردن لەگەڵ گا، لەچوارچێوەی راستییەکی نوێی وڵاتەکەیە بۆ کۆمەڵگە و کولتوور".

نەریتی شەڕکردن لەگەڵ گا، یەکێکە لە دێرینترین نەریتەکانی وڵاتی ئیسپانیا، لەم دواییانەدا، ئەم نەریتە کولتوورییە، ببوو بە ئامڕازێکی گەورەی دەستی پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکە، بۆ بەکارهێنان لە دژی رکابەرەکان و کۆکردنەوەی پاڵپشتی و دەنگی جەماوەر و نانەوەی جەنگی کولتووری.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەچوارچێوەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، نەریتی شەڕکردن لەگەڵ گا زیندووکراوەتەوە، ئەم نەریتە لە سەدەی 16، لەگەڵ هەڵمەتی کۆڵۆنیاڵیزمدا گەیشتووەتە ناوچەکە.