گەڕان بەدوای گۆڕی راستەقینەی دیارترین کەسایەتییەکانی جیهان

لەرۆژانی رابردوودا، ژمارەیەک شوێنەوارناسی ئیتاڵی لە وڵاتی یۆنان، بەڵگەی پێویستیان خستەروو، کە تیایدا ئاماژە بە دۆزینەوەی گۆڕی ئەفڵاتونی گەورە بیرمەندی یۆنانی کۆن دەدەن، لە سایەی ئەم دۆزینەوەیەدا، جیهان هێشتا لەبەردەم کردنەوەی چەندین گرێی مێژووییدایە، کە خۆیان لە دۆزینەوەی گۆڕی ونبووی کەسایەتییە دیارەکانی جیهاندا دەبیننەوە.

جەنگیز خان
رابەر و کەسایەتی سەربازی
ساڵی مردن: 1227

بەگوێرەی سەرچاوە چینی و فارسییەکان، جەنگیز خانی رابەر و کەسایەتیی دیاری سەربازیی مەنگۆلیا، ساڵی 1227 لەمیانی کامپینێکی سەربازییدا کۆچیدوایی کردووە، پاشان تەرمەکەی لەلایەن کوڕێکیەوە رەوانەی مەنگۆلیا کراوە، ئاماژە بەوەش دەدەن؛ جەنگیز خان، لەسەر داواکاریی خۆی گۆڕەکەی بەنهێنیی دابەستراوە، پاشان بە یارمەتیی 10 هەزار ئەسپ، رێڕەوێکی گەورەی ئاویی لەسەر خاکی گۆڕەکەی دروستکراوە.

سەرچاوەکان جەخت لەوەش دەکەنەوە، هەموو ئەوانەی لەمیانی ناشتنی جەنگیز خاندا بەشداربوون، کوژراون تاوەکو کەس نەتوانێت نهێنیی و شوێنی ناشتنی ئەم رابەرە ئاشکرا بکات.

ئێستا گۆڕی جەنگیز خان، یەکێکە لە دیارترین ئەو شوێنەوارانەی لەلایەن مێژوونووس و شوێنەوارناسەکانەوە هەوڵی دۆزینەو دەدرێت، بەشێک لە مێژوونووسەکان دەڵێن، گۆڕی جەنگیز خان پێشبینی دەکرێت لە چیای خێنتی دروستکرابێت لە ناوچەی مەنگۆلیا.

ئالێکساندەری مەقدۆنی
رابەر و کەسایەتی سەربازی
ساڵی مردن: 323ی پێش زاین

ئالێکساندەری مەقدۆنی، یەکێک بووە لە دیارترین ئیمپراتۆر و سەرکردە سەربازییەکانی یۆنانی کۆن، دەسەڵات و حوکمڕانییەکەی لە یۆنانەوە بۆ هیندستان درێژبووەتەوە، ساڵی 323ی پێش زاین، لە بابل کۆچیدوایی کردووە، پاشان کفنێکی زێڕیندا دانراوە لە شاری مێمفسی میسر، بەڵگەنامە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، پاش ئامادەکردنی رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی ئالێکساندەر، رەوانەی شاری ئالێکساندریای میسر کراوە لەنێوان ساڵانی 293 بۆ 283ی پێش زاین.

گۆڕی ئالێکساندەری مەقدۆنی، بۆ ماوەیەکی زۆر وەکو پەرستگەیەکی ئاینی و کۆشکێکی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، چەندین جار دوچاری دزین و تاڵانکاریی بووەتەوە، پاش روودانی چەندین جەنگ و ململانێی دەسەڵات، هاوتای کارەساتی سروشتی، لە دەرئەنجامدا گۆڕەکەی ئالێکساندەر وندەبێت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 140 جار کنەوپشکنینی جیاواز بۆ دۆزینەوەی گۆڕی ئەم کەسایەتییە ئەنجامدراون، بەڵام هەوڵەکان بێسوود ماونەتەوە، زۆرینەش باوەڕیان وایە، گۆڕی ئالیکساندەری مەقدۆنی، هێشتا لە شاری ئالێکساندریای وڵاتی میسرە.

لیۆناردۆ دا ڤینچی
داهێنەر و کەسایەتی هونەری
ساڵی مردن: 1519

لیۆناردۆ دا ڤینچی، داهێنەر و کەسایەتیی هونەریی دیاری ئیتاڵیا و جیهان، ساڵی 1519 لە تەمەنی 67 ساڵییدا کۆچیدوایی کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکان، لیۆناردۆ لەژێر کڵێسایەک نێژراوە، کە لە قۆناغی شۆڕشی فەڕەنسییدا وێرانکراوە و بەمەش گۆڕی ئەم کەسایەتییە دیارەی جیهان گوازراوەتەوە، بەڵام پاشماوەی راستەقینەی هێشتا لەژێر گوماندایە.

ساڵی 1863، لەمیانی کنەوپشکنینێکی تایبەتدا، چەند پارچە و پاشماوەیەکی مرۆیی دەدۆزرێنەوە، کە پێشنیارکراوە ئێسک و پاشماوەی لیۆناردۆ دا ڤینچی بن، بەڵام نەتوانراوە بەفەرمی ناسنامەی راستەقینەی پاشماوەکان بسەلمێنرێن.

تاوەکو ئێستا، پاشماوەکان لە شوێنی تایبەتدا دانراون و هیچ پشکنینێکی بۆماوەییان بۆ نەکراوە، ئەمەش بەو هۆکارەی، لیۆناردۆ خاوەنی هیچ منداڵێک نەبووە و ناتوانرێت درەختی رەچەڵەکی بۆ بدۆزرێتەوە.

ساڵی 2016، ئالێساندرۆ ڤێزۆسی و ئاگنێس ساباتۆی توێژەر، توانیان زڕبرایەکی لیۆناردۆ بە پشکنینی بۆماوەیی بسەلمێنن، بەڵام هێشتا ئەم دۆزینەوەیە، نەبووە بە هۆکاری دەستپێکی گەڕانی ورد بەدوای گۆڕ و پاشماوەی لیۆناردۆدا.

وڵفگانگ ئەمادیۆس مۆزارت
هونەرمەند و کەسایتی موزیکی
ساڵی مردن: 1791

هەموو ئەو راستییانەی سەبارەت بە مردنی مۆزارت بوونیان هەیە، لەژێر پەنهانییدان و گومانیان لەسەرە، ئەم موزیکدانەرە بلیمەت و گەورەیەی جیهان، ساڵی 1791 لە تەمەنی 35 ساڵییدا بە نەخۆشی کۆچیدوایی کردووە لە شاری ڤیەننا، بەڵگەنامەکان نیشانی دەدەن، مۆزارت لە گۆڕستانی قەشە مارک نێژراوە، پاشان مەراسیمێکی تایبەتی ماڵئاوایی بۆ رێکخراوە و تەرمەکەی لەناو کفن و گۆڕێکی ئاساییدا دانراوە.

بەگوێرەی یاسای ڤیەننا، پاش تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر مردنی کەسێکدا، گۆڕەکەی هەڵدراوەتەوە و پاشماوەکانی دەرهێنراون، ئەمەش بەمەبەستی جێکردنەوە بۆ مردوویەکی نوێ، ئەمە بەڵگەیەکی ئاشکرا و باوە کە ئاماژە بەوە دەدات، گۆڕی مۆزارت پاش تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر مردنیدا هەڵدراوەتەوە.

ساڵی 1801، بە گوتەی گۆڕهەڵەکەنێک، ئێسکەپەیکەری راستەقینەی مۆزارتی دۆزیوەتەوە، بەنزیکەی پاش 100 ساڵ بەسەر ئەم رووداوەدا، ئێسکەکە پێسکەشی مۆزەخانەی نێودەوڵەتیی سالزبۆرگ کراوە، ساڵی 2006 زانایان تاقیکردنەوەیان لەسەر ئەنجامداوە و دەرکەوتووە، ئەم پاشماوەیە ناگەڕێتەوە بۆ مۆزارت، ئەمەش وادەکات، هێشتا جیهان لەبەردەم گرێیەکی گەورەدا بێت بۆ دۆزینەوەی ئێسکەپەریکەر و پاشماوەی راستەقینەی ئەم موزیکدانەرە.