شارەزایەکی ئەمریکی ئێسکی دایناسوورێکی 60 ملیۆن ساڵە چاکدەکاتەوە

شارەزایەکی بواری دایناسوورەکان لە ئەمریکا، توانیویەتی ئێسکی 60 ملیۆن ساڵەی یەکێک لە گەورەترین دایناسوورەکان چاکبکاتەوە و سەرنجی شارەزایان و شوێنەوارناسانی بواری ژیانی سرووشتیی بەلای خۆیدا راکێشاوە.

لۆرن مککلەین، خانمێکی شارەزایە لە بواری پێکهێنانەوەی ئێسکەپەیکەری دایناسوورەکان لە وڵاتی ئەمریکا، لە نوێترین دەستکەوتی ژیانی خۆیدا، توانیویەتی ئێسکەپەیکەری یەکێک لە کۆنترین دایانسوورەکان دروستبکاتەوە و بەمەش سەرنجی شارەزایانی بەلای خۆیدا راکێشاوە.

لۆرن جەخت لەوە دەکاتەوە، کارکردن لەسەر ئێسکەپەیکەری دایناسوورەکان، هاوتای دۆزینەوەی چارەسەری پەزڵەکان و کردنەوەی گرێکوێرەکانە، ئاماژە بە کارەکەی دەدات و دەڵێت، پێکردنەوە چارەسەرکردنی ئێسکەپەیکەرەکان وەکو کارێکی هونەریی وایە.

بەشێوەیەکی گشتی، پێش ئەوەی ئێسکەپەیکەری ئاژەڵە دێرینەکان، لەچوارچێوەی مۆزەخانە سروشتییەکاندا نمایشبکرێن، پێویستیان بە چارەسەرکردن و دروستکردنەوەی بونیادە بەشێوەیەکی سێ رەهەندیی، پاشان پاکدەکرێنەوە و جومگەکانیان کون دەکرێن و پێکەوە دەنرێنەوە، زۆرینەی کاتەکانیش ئێسکەکان رەنگ دەکرێن و روویەکی نوێیان پێدەبەخشرێت.

لۆرن تاوەکو ئێستا کاری لەسەر چەندین ئێسکەپەیکەری جیاواز کردووە، بە گوتەی خۆی، توانیویەتی ئێسکەپەیکەری دایناسوورێک دروستبکاتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 200 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر.

ئاماژە بەوەش دەدات، جیاواز لە ناوەڕۆکە خەیاڵییەکان و ئەو دیمەنانەی لە فیلمەکاندا دەردەکەون، دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری دایناسوورەکان و کارکردن لەسەریان کارێکی سەختە، پارچەی ئێسکەکان لە یەکتریی جیاوازن و رێژەی داخوران و لەناوچوونیان گرفتی سەرەکییە، کە بۆشاییەکی گەورە لە دووبارە پێکهێنانەوەی ئێسکەپەیکەری تەواوەتییان دروستدەکات.