گەڕان بەدوای چیرۆکی ونبووی پۆمپەی.. شوێنەواری مەرگی یەکەم ئیمپراتۆری رۆمانی

شوێنەوارناسەکان، پێشنیازی دۆزینەوەی ئەو ڤێلایە دەکەن، کە تیایدا یەکەم ئیمپراتۆری رۆمانی کۆچیدوایی کردووە.

لە باکوری چیای ڤێسوڤیەس، کنەوپشکنینە شوێنەوارناسییەکان دەستیانپێکردووە و چەندین بەڵگە و راستیی نوێ ئاشکرا بوون سەبارەت بە مێژووی ژیان و مردنی یەکەم ئیمپراتۆری رۆمانی.

پاش تێپەڕینی دەیان ساڵ بەسەر هەوڵی راستەقینەی شوێنەوارناسە ئیتاڵییەکان بۆ دۆزینەوەی زانیاریی زیاتر سەبارەت بە ژیان و مردنی ئیمپراتۆر ئۆگەستس، یەکەم ئیمپراتۆر و دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتی رۆمانی، بەڵگەکان سەبارەت بەەو شوێنەوارانە دەرکەوتوون، کە تیایدا ئەم ئیمپراتۆرە کۆچیدوایی کردووە.

شوێنەوارناسە ژاپۆنییەکان، سەرمەشقی ئەم دۆزینەوە نوێیەن، کە تیایدا لە بەرەی باکوری چیای ڤێسوڤیەس، ڤێلایەکیان دۆزیوەتەوە، کە تیایدا بەڵگەی پێویست هەن دەیسەلمێنن، ئۆگەستسی یەکەم ئیمپراتۆری رۆمانی کۆچیدوایی کردووە.

بە گوتەی ماریکۆ موراماتسو، سەرۆک و رابەری پرۆژەی کنەوپشکنینی زانکۆی سۆما ڤێسوڤیانا، "چەند ساڵێکە بەشێک لەو باڵەخانەیەمان دۆزیوەتەوە، کە بەهۆی هەڵچوونی گڕکانی چیاکەوە ونبووە لە ساڵی 79ی زاینییدا"، ئاماژە بەوەش دەدات؛ ئەو ڤێلایەی دۆزراوەتەوە، ئەو شوێنەوارە ونبووەیە کە تیایدا ئۆگەستس کۆچیدوایی کردووە.

لەم شوێنەوارەدا، زاناکان چەندین پارچەی کەلەپووری و دێرینیان دۆزیوەتەوە، لەوانە 16 گۆزەی رۆمانی، پاشماوەی خەڵوز و خۆڵەمێش، هاوتای دیوار و چەند پارچەیەک سیرامیکی عەرزی.

شوێنەوارناسە ژاپۆنییەکان، ئومێدەوارن لە پرۆژەکەیاندا شوێنەواری زیاتر بدۆزنەوە، کارەکانیان بەردەوامیی دەبێت و ئامانجیان هەڵدانەوەی نهێنیی زیاترە سەبارەت بە ناوچەی پۆمپەی، کە تیایدا چەندین دەستکەوتی گرنگ و بەهاداری ئیمپراتۆر ئۆگەستس تۆمارکراون لە قۆناغی سەرەتای دامەزراندنی ئیمپراتۆرییەتەکەی.

گایەس یولیەس سیزار ئۆگەستس، ناسراو بە ئۆکتاڤیان، دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی رۆمانی و یەکەم ئیمپراتۆر و قەیسەر بووە، رێکەوتی 27ی پێش زاین تەختی دامەزراندووە و تاوەکو مردنی لە ساڵی 14ی زاینی، وەکو ئیمپراتۆر ماوەتەوە، 75 ساڵ ژیاوە، یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییەکانی مێژووی ئیتاڵیا، توانی لە قۆناغی گۆڕانکاریی رۆما دەستێکی باڵای هەبێت و لە کۆمارەوە بیکات بە ئیمپراتۆریەتی.