لیڤەرکوزن دەیەوێت تۆڵەی شکستی وەرزی رابردوو لە رۆما بکاتەوە

ئەمشەو لە یاری گەڕانەوەی پێش کۆتایی یۆرۆپالیگ، یانەی بایەرلیڤەرکوزنی پاڵەوانی بۆندسلیگا لە یاریگەی بای ئەرینا میوانداریی یانەی رۆمای ئیتاڵی دەکات.

لیڤەرکوزن تەنیا یانەی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپایە، کە لەسەرجەم خول و پاڵەوانییەتیەکانی ئەم وەرزە دووچاری هیچ شکستێک نەبووە و تەنیا پێنج یاریی لەبەردەمدایە تاوەکو ریکۆردێکی مێژوویی بەناوی خۆیەوە تۆماربکات و سێ ناسناو بەبێ شکست بەدەستبهێنێت.

یانە ئەڵمانییەکە دوای بردنەوە گەورەکەی لەم هەفتەیەی بۆندسلیگا ژمارە پێوانەییەکەی بەنفیکای یەکسانکردەوە و 48 یارییە لەسەریەک تامی شکستی نەکردووە، هاوکات لیڤەرکوزن دەیەوێت تۆڵەی شکستی وەرزی رابردوو لە رۆما بکاتەوە کاتێک لەهەمان قۆناغی پاڵەوانییەتیەکە لەلایەن یانە ئیتاڵییەکەوە کرایە دەرەوە.

ساڵی رابردوو لەلایەن رۆما کراینە دەرەوە، بۆیە ئەو ئەزموونە لەبیرناکەین، دەمانەوێت ئەو وزەیەی ئێستا هەمانە بەکاری بهێنین لە بەرژەوەندی خۆمان، بەخۆشحاڵییەوە ئەو کات دەتوانین ئاهەنگ بگێڕین، بەڵام دەبێت جارێ سەرنجمان لەسەر یارییەکە بێت، 90 خولەک یان زیاتر دەخایەنێت، بەڵام ئەو ئەنجامی ساڵی پار بەرامبەر رۆما هەژمار نییە، چونکە دەمانەوێت یارییەکی باش بکەین و بگەینە فایناڵ.

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی لیڤەرکوزن.

لیڤەرکوزن هەشت یارییە لەیاریگەی خۆی لە یۆرۆپالیگ شکستی نەهێناوە، هەروەها لە 10 بۆنەی رابردوودا کاتێک یاریی چوونی قۆناغە یەکلاکەرەوەکانیان بردبێتەوە نۆ جار سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی دواتر بەدەستهێناوە.

لەلایەکی دیکەوە، یانەی رۆما لە دوو هەفتەی رابردوو ئەنجامەکانی رووی لە خراپی کردووە، لە سێریا ئەی بەرامبەر یۆڤێنتۆس یەکسانبوو، هاوکات یاریی یەکەمی بەرامبەر لیڤەرکوزن دۆڕاند، لەبەرئەوە تیپەکەی دی رۆسی پێویستی بەپێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز و نمونەییە ئەگەر بیەوێت بەربەستی لیڤەرکوزن تێپەڕێنێت و بۆ سێیەم وەرز لەسەریەک بگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانییەتیە ئەوروپییەکان.

نازانم دەتوانین هەمان ئەو کەشەی ساڵی 2018 کە دژی بەرشلۆنە یارییمان کرد و بردمانەوە دروستبکەینەوە یان نا، چونکە بایەرلیڤەر کوزن زۆر بەهێزە، بەرشلۆنەش لە 2018 پێکهاتەیەکی بەهێز و توندی وەک مەریخ هەبوو، بۆیە نازانم دەتوانین یان نا، بەڵام ئامادەین بۆ یارییەکە.

دانیێلی دی رۆسی، راهێنەری یانەی رۆما.

ئەوەی هاندەرانی نیگەران کردووە مێژووی رۆمایە لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکاندا، چونکە لە شەش بۆنەی جیاوازدا هەرکاتێک یەکەم یاریی ناو یاریگەی خۆی دۆڕاندبێت تەنیا یەکجار گەیشتووەتە قۆناغی دواتر.

چابی ئەلۆنسۆ، و دانیێلی دی رۆسی. فۆتۆ: AP