لیڤەرکوزن دوای بۆندسلیگا یۆرۆپالیگیشی دەوێت

ئەمشەو لە یاریگەی لەندەن، یانەی وێستهام یونایتد میوانداریی یانەی بایەر لیڤەرکوزنی پاڵەوانی ئەم وەرزەی بۆندسلیگا دەکات، کە لەم هەفتەیەدا بۆ یەکەمجار لەمێژوویدا بووە پاڵەوانی خولی وڵاتەکەی.

یاریی چوونی نێوان هەردوو یانە بە دوو گۆڵی خاوێن لەبەرژەوەندی تیپەکەی چابی ئەلۆنسۆ کۆتاییهات، بەڵام دەیڤید مۆیسی راهێنەری چەکووشەکانی لەندەن، پێیوایە هێشتا یانەکەی هەلێکی لەبەردەستە تاوەکو لە یارییەکەی ئەمشەودا بگەڕێتەوە، چونکە لە رابردوودا و لەهەمان پاڵەوانییەتیدا سەرکەوتووبوونە لە ئەنجامدانی ریمۆنتادا بەرامبەر رکابەرێکی دیکەی ئەڵمانیا، کە ئەویش یانەی فرایبۆرگ بوو، بەڵام ئاستی ئەم وەرزەی لیڤەرکوزن لە ترۆپکدایە و راگرتنی بەو ئاسانیە نابێت.

یارییەکەمان زۆر هەستیار دەبێت، دەمانەوێت هەمان ئەو یارییە دووبارە بکەینەوە، کە دوایینجار لە بۆندسلیگا ئەنجامماندا و دەستکەوتمان هەبوو، بۆ ئەوەش دەبێت زۆر بە وریاییەوە یاریی بکەین، ئێمە ناچینە یاریگە بەس بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئەنجامەکان بکەین، بەڵکو دەمانەوێت بردنەوە بەدەستبهێنین.

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایەر لیڤەرکوزن.

وێستهام ئەزمونێکی گەورەی هەیە بەرامبەر رکابەرەکانی بۆندسلیگا و تەنیا لەم وەرزەدا ئەمە شەشەم جارە رووبەڕووی یانەکانی ئەڵمانیا دەبێتەوە و سێ بردنەوە و دوو شکستی تۆمارکردووە، بەڵام لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئەڵمانییەکان چوار بردنەوە و دوو یەکسانبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

هاوکات لیڤەرکوزن بەردەوامە لە نوسینەوەی ژمارە پێوانەییەکان و تۆمارکردنی مێژوو، کاتێک 43 یارییە لەسەریەک لەم وەرزەدا یانەیەک نەبووە بتوانێت یانە ئەڵمانییەکە دووچاری شکستبکات، بەڵام تاقیکردنەوەیەکی قورس لە لەندەن چاوەڕێی ئەلۆنسۆ و یاریزانەکانی دەکات، چونکە لە نۆ یاری رابردوویان لە ئینگلتەرا تەنیا یەک بردنەوەیان بەدەستهێناوە.

کاتێک دەگەیتە قۆناغی پێشکۆتایی یان قۆناغی کۆتاییش، زۆر هەستێکی نایابە بەراستی، بۆ ئێمە گەیشتنە کۆتایی ئامانجی سەرەکیمانە، بەڵام دەبێت هەموو بەربەستەکان تێپەڕێنین، ئەوەش زۆر قورس دەبێت، یارییەکی قورسمان لە پێشە بەرامبەر لیڤەرکوزن، بۆیە باوەڕم وایە دەتوانین رێگەیەک بدۆزینەوە و هەوڵبدەین ئەنجامی کۆتایی لە بەرژەوەندی خۆمان بێت.

دەیڤد مۆیس، راهێنەری یانەی وێستهام یونایتد.

لیڤەرکوزن ریکۆردێکی باشی هەیە و لە 14 یاری گەڕانەوەدا کاتێک یەکەم یاری بەبردنەوە یەکلاکردبێتەوە، 13 جار گەیشتووەتە قۆناغی داهاتووی پاڵەوانییەتیە ئەورپییەکان.

یاریزانانی بایەر لیڤەرکوزن و وێستهام یونایتد لە یۆرۆپالیگ. فۆتۆ: AP