ئەمشەو دووەم تاقیکردنەوەی ئەڵمانیای ناگیلسمانە بەرامبەر هۆڵەندا

یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا. فۆتۆ: AP

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کە لە خاکی خۆیدا میوانداریی یۆرۆی 2024 دەکات، ساڵی رابردوو لەکۆی 11 یاری تەنیا سێ بردنەوەی بەدەستهێنا، لە ساڵی نوێدا بە سەرپەرشتیی جولیان ناگیلسمان سەرقاڵی رێکخستنەوەی هێڵەکانییەتی و دوای دوو بردنەوەی لەسەریەک بەرامبەر هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا، ئەوەی سەلماند کە نێچیرێکی ئاسان نییە بۆ رکابەرەکانی، ئەمشەویش لە یارییەکی دۆستانەی ئامادەکارییدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئاشەوانەکانی هۆڵەندا دەبێتەوە، هۆڵەندییەکان بەووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ رکابەرەکەیاندا دەکەن، چونکە لەگەڵ فەرەنسا لەهەمان کۆمەڵەی جامی یۆرۆدا دەبینرێن.

ئەڵمانییەکان بەباشی ئاگادارن لەوەی هۆڵەندا لەدوایین یاریی دۆستانەدا چوار گۆڵی لە سکۆتلەندا کرد و سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هاوکات سکۆتلەندا یەکێکە لە رکابەرەکانی "دای مانشافت" لە یورۆی 2024.

پێشبینی دەکرێت تۆنی کرووس و هاوڕێکانی کە سێ جار پاڵەوانی یورۆ بوون، بەئاسانی قۆناغی کۆمەڵەکان تێپەڕێنن و هەنگاو بەرەو ناسناوی چوارەم لەمێژوویدا بنێن، بەڵام هەڵبژاردەی مەکینەکان لەدوایین 23 یارییدا سێجار توانیویانە گۆڵەکەیان بە خاوێنی بپارێزن و لەم یارییە دۆستانەیەدا کار لەسەر بابەتی "کلین شیت" و لایەنە بەرگرییەکان دەکەن.

یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوای تۆمارکردنی گۆڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا. فۆتۆ: AP

"دای مانشافت" لە سەردەمی جولیان ناگیلسماندا تواناکانی بەرامبەر ئاشە هەوایییەکانی هۆڵەندا تاقیدەکاتەوە، کە لە لوتکەی ئاستیدایە و لەدوایین حەوت یارییدا جگە لە یەک دۆڕاندن، سەرجەم یارییەکانی بەبردنەوە یەکلاکردووەتەوە و لە پێنج رووبەڕووبوونەوەشدا "کلینی شیت"ی تۆمارکردووە.

ئەمشەو هەموو سەرنجەکان لەسەر ئەڵمانیا دەبێت، رووبەڕووی هەڵبژاردەیەک دەبێتەوە 13 یارییە شکستی نەهێناوە و لە چوار رووبەڕووبوونەوەشیاندا بەرامبەر بەیەکدی، هاوسەنگی لە ئەنجامەکاندا روویداوە (سێ یەکسانبوون و بردنەوەیەک بۆ هەر جەمسەرێک)، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی مێژوویی نێوان دوو وڵاتەکە لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە، چیدی یاریی دۆستانە بوونی نامێنێت و ئەمشەو هەریەکەیان بە مۆرکی پاڵەوانییەتییەکان تەکتیک بەرامبەر بەیەکدی دادەرێژن و هەوڵی سەرکەوتن دەدەن.