پەرلەمانی هۆڵەندا بۆ تورکیا: دەمیرتاش ئازادبکەن بۆئەوەی پشتیوانیتان بکەین

وێنەیەكی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەناو زیندانی ئەدیرنە بەدەست ژنێکەوە. فۆتۆ: AP

پەرلەمانی هۆڵەندا رایگەیاند، بە مەرجی ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش پشتیوانی لە داواکارییەکی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات.

کەیتی پیری، پەرلەمانتاری هۆڵەندا رایگەیاند، پرۆژەپێشنیازێکی ئاڕاستەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە بەگوێرەی پێشنیازەکە، "ئەگەر تورکیا سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) و عوسمان کاڤاڵا، سەرمایەداری دیاری تورکیا ئازاد نەکات، هۆڵەندا ڤیتۆی تازەکردنەوەی رێککەوتنی یەکێتیی گومرگی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا دەکات."

پیری ئاماژەی بەوەکردووە، پەرلەمانی هۆڵەندا پێشیازەکەی قبوڵکردووە و بەو جۆرەش تورکیا بەبێ ئازادکردنی دەمیرتاش و کاڤاڵا، ناتوانێت رێککەوتنەکە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا نوێ بکاتەوە کە ئەنقەرە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی بۆ دەدات.

عیسا قارەمان، کە پەرلەمانتارێکی سوریانیی پەرلەمانی هۆڵەندایە، بەشداربووە لە ئامادەکردنی پرۆژە پێشنیازکراوەکەدا.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە چواری تشرینی دووەمی 2016 لە چوارچێوەی دۆسییەی تیرۆر لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و نۆ پەرلەمانتاری پارتەکە دەستگیرکران.

عوسمان کاڤاڵا، لە 18ی تشرینی یەکەمی 2017 لەسەر دۆسیەی خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی ئیستانبوڵ کە لە 2013 ئەنجامدران، دەستگیرکرا. لە 25ی نیسانی 2022 بە تۆمەتی هاوکاریکردنی هەوڵەکانی رووخاندنی حکومەت سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بەسەردا سەپێندرا.

سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چەند جارێک داوای ئازادکرندی دەمیرتاش و کاڤاڵای کردووە، بەڵام حکومەتی تورکیا رەتیدەکاتەوە ئازادیان بکات.