گۆڕێکی زۆمبی لە ئەڵمانیا دۆزرایەوە

لە بەرەی رۆژهەڵاتی وڵاتی ئەڵمانیا، گۆڕێکی دێرین دۆزراوەتەوە، کە بە "گۆڕی زۆمبی" ناسراوە و گوزارشت لە بیر و باوەڕی مرۆڤە دێرینەکان دەکات سەبارەت هەستانەوەی مردووەکان.

شوێنەوارناسە ئەڵمانییەکان، لە شوێنەوارێکی دێرینی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، گۆڕێکی دێرینیان دۆزیوەتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار و 200 ساڵ لەمەوبەر و بە گۆڕی زۆمبی ناسێنراوە.

ئەم گۆڕە، بەشێوەیەکی تایبەت دروستکراوە، شێوازەکەی گوزارشتە لە بیروباوەڕی ئەوروپییەکان لە چاخی برۆنزدا، لە سەردەمێکدا، باوەڕیان بە هەستانەوەی مرۆڤە شەڕنگێزەکان بووە لەسەر شێوەی مردووی رۆیشتوو، کە ئێستا زیاتر بە زۆمبییەکان ناسراون.

ئەم گۆڕە، لەژێر بەردێکی گەورە هەڵکەندراوە، کە ئەستورییەکەی 10 سانتیمە، ئەمەش بڕی پێویستە بۆ دروستکردنی بەربەستێکی بەهێز لەبەردەم مردووە زیندووەکەدا، تاوەکو نەتوانێت گۆڕەکەی بە دەستی خۆی هەڵبداتەوە و مرۆڤەکان راوبنێت.

بە گوتەی ئۆوی مووز، بەڕێوەبەری کنەوپشکنین لە ناوچەی باڤاریای باشووری ئەڵمانیا، "گۆڕەکە، دەگەڕێتەوە بۆ پیاوێکی 40 بۆ 60 ساڵان، لەسەر لای چەپی دانراوە و قاچەکانی نوشتێنراونەتەوە، بەردێکی گەورە بە درێژیی یەک مەتر لەسەر قاچەکانی دانراوە"، ئاماژە بەوەش دەدات؛ ئەم مردووە، لە قۆناغەکانی کۆتایی ژیانیدا، بەدەست نەخۆشییەوە ناڵاندوویەتی، هۆکاری دانانی بەردێکی لەم جۆرەش لەسەر گۆڕەکەی، بەمەبەستی رێگریکردن بووە لە هەستانەوە و دروستکردنی مەترسی لەسەر مرۆڤەکانی دیکە.

داپۆشینی گۆڕی نەخۆش و کەسە مەترسیدارەکان لە ئەوروپا، مێژوویەکی کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووەمی پێش زاین، لەچوارچێوەی کولتووری "بێڵ بیکەر"دا، ئەوروپییەکانی چاخی برۆنزی، باوەڕیان بە هەستانەوەی مردووەکان هەبووە، ئەمەش بووەتە هەوێنێکی گەورە بۆ دروستبوونی کولتووری جیاوازی ناشتن و بەڕێوەچوونی مەراسیمی تایبەت بە مردووەکان.

دۆزینەوەی گۆڕێکی لەم چەشنە لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا نیشانی دەدات، لە چاخی برۆنزدا، کولتووری ئەوروپیی توانیویەتی سنوورە دریژەکان ببڕێت و کاریگەر بێت بە بیرۆکەی مردن، لە قۆناغێکی سەرەتایی ژیاری مرۆڤەکاندا، بوونی گۆڕێکی لەم چەشنە، بەڵگەکان پشتڕاست دەکاتەوە سەبارەت بە باوەڕبوونی ئەوروپییەکان بە خوداوەند و بوونەوەرە سەروو سروشتییەکان و ترس لە هەستانەوەی مردوو.