ئەوەى چاوەڕواندەکرا لە هەولێرەوە رابگەیەندرێت، مالکى لە بەغدادەوە ئاشکرایکرد

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و نوری مالکی

پرسى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان یەکێکبوو لەو بابەتانەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانى عێراق گفتوگۆى لەبارەوە کردووە.

نورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا، دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى ئیدارەى دەوڵەت و مووچە و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە رایگەیاند، بیستوویانە لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن بۆ دواى مانگى 10ی ئەمساڵ.

نورى مالکى، بۆ رۆژنامەوانان گوتی، "هاوپه‌یمانیی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت تاوتوێی پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی نه‌كردووه‌، گوێمان له‌وه‌بووه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان دوایده‌خات بۆ مانگی 10ی 2024".

گوتیشی، "ئه‌مه‌ بابه‌تێكی ته‌كنیكییه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ واده‌كه‌ی دیاریبكات و كۆمیسیۆنیش به‌وشێوه‌یه‌ هه‌نگاو ده‌نێت".

هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح، دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بیر لەوە دەکاتەوە بگاتە وادەیەک بۆ هەڵبژاردن کە هەموو لایەنەکان لەسەرى کۆکبن.

راشیگەیاند "بڕیارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە دەستى سەرۆکى هەرێمى کوردستاندایە، پێموایە ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە بگاتە وادەیەک هەموو لایەنەکان لەسەرى کۆکبن".

سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح لەبارەى بە بانکیکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان جەختى لە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى کردەوە و گوتی، "بابەتى بە بانکیکردن کۆتایی هاتووە لە دواى بڕیارى دادگاى فیدراڵى، بەڵام بۆ چۆنییەتى بە بانکیکردن پشتبەخودا چارەسەرى بۆ دەدۆزینەوە، لەپێناو گەیشتنى مووچە بە فەرمانبەرانى کوردستان وەک چۆن دەگاتە فەرمانبەرى هەر فەرمانگەیەکى دیکەی دەوڵەت".

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە رۆژى شەممەوە روویکردووەتە بەغداد و جگە لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى ئیدارەی دەوڵەت، ژمارەیەکى زۆر لە سەرکردە سیاسییەکانی بینی، لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى کۆبووەوە، بەگوێرەى راگەیەندراوى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى، نێچیرڤان بارزانى و شاندى یاوەرى لەگەڵ فایەق زێدان، باسیان لە رۆڵى دادگا لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کردووە.