نوێترین زانیاری لەبارەى ناردنى مووچەى مانگى نیسان لە بەغدادەوە

فۆتۆ: کەناڵ8

بەمەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراق، رۆژی چوارشەممە رێککارەکانی ناردنی پارە دەستپێدەکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بەکەناڵ8ی راگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، داوای لە فەرمانگەی ژمێرکاریی کردووە، پارە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەمەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی "دوای وردبینیکردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دەرکەوتووە ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچەی مانگی نیسان پێویستە، زیاترە لەو بڕەی بۆ مووچەی مانگی ئازار نێردراوە".

لەبارەى ئەوەی تاوەکو چەند پرسی بە بانکیکردنی مووچە رێگرە لە ناردنی مووچەی فەرمانبەران، سەرچاوەکەی کەناڵ8 رایگەیاند: "بڕیاربوو مووچەی مانگی نیسان نەنێردرێت، تاوەکو بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران دەستپێدەکات، دواتر بڕیاردراوە بۆ مانگی نیسانیش مووچە بنێردرێت، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو ئەوە کراوەتە مەرج کە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە دەبێت دەستیپێکردبێت، پاشان پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت".