سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى عێراق بۆ کەناڵ8: لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەى داهاتی نانەوتی نزیکین لە رێککەوتن

دینارى عێراقى. فۆتۆ: کەناڵ8

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەى داهاتی ناوخۆ و نانەوتی نزیکین لە رێککەوتن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی ئایاری 2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، "لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى داهاتەکانى ناوخۆ و داهاتە نانەوتییەکان نزیکین لە رێککەوتن و حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ پێشنیازەکانمان نییە".

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد، "تاوەکو ئێستاهیچ رێککەوتنێک سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ یان داهاتى نانەوتیی هەرێمى کوردستان نەکراوە".

گوتیشى، "ئەوەی هەیە تەنیا پێشنیازی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمە بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە".

لێدوانەکە لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و لەبارەی دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەران، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە هیچ ئاستەنگییەکمان نەماوە و ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەدەست وەزارەتی دارایی عێراقدایە".