ئیلۆن مەسک رەزامەندی بەکارهێنانی داتای لە چین بەدەستهێنا

ئیلۆن مەسک لەکاتى سەردانەکەى بۆ چین.

ئیلۆن مەسک، بازرگانی ئەمریکی لەدوای سەردانەکەی بۆ پەکینی پایتەختی چین، رەزامەندی بەکارهێنانی داتای لە دەسەڵاتدارانی چین بەدەستهێنا، لەدوای وەرگرتنی ئەم رەزامەندییە ئەمڕۆ بە فڕۆکە پەکینی بەجێهێشت.

رۆژى یەکشەممە 28ـى نیسانى 2024، مەسک لە سەردانێکى چاوەڕواننەکراودا گەیشتە پەکینى پایتەختى چین، ئەوەش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە لەبارەى بەکارهێنانى سیستمى خودڕەوی تێسلا و ئاڵوگۆڕی ئاسایشی داتا.

پێدەچێت لەدوای وەرگرتنی رەزامەندی داتاکان، کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی تێسلا، رەزامەندی حکومەت بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سیستمی خودڕەوی تێسلا لە چین بەدەستبهێنێت، بەمەرجێک کار لەگەڵ کۆمپانیای بایدوی چین بۆ نەخشە و تایبەتمەندییە گەشتیارییەکان بکات .

سەرەڕای چڕبوونەوەی کێبڕکێی کۆمپانیا ناوخۆییەکانی وەکو (بی وای دی) چینی، بەڵام هێشتا تێسلا لە ریزی پڕفرۆشترین ئۆتۆمبێلە کارەباییەکاندایە لە چین، بەڵام هەوڵدەدات فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی بە تایبەتمەندیی لێخوڕینی خودڕەو یاخود شۆفێری خودڕەو زیاتربکات، بۆ ئەمەش پێویستە پابەندبێت بە سیستمی پاراستنی داتای چینەوە.