بلینکن: چین هەوڵ دەدات کار بکاتە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەكاتی سەردانەكەی بۆ چین. فۆتۆ: AFP

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چین هەوڵ دەدات دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی بکات، کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ چین بە تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێنی ئەمریکی راگەیاند، بەڵگەیان دەستکەوتووە کە چین هەوڵ دەدات دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریكا بکات، تاوەکو کاربکاتە سەر ئەنجامەکان.

گوتیشی، دەیانەوێت دڵنیابن چین کۆتایی بەو هەوڵانە دەهێنێت کە بەلای ئەمریکاوە قبوڵنەکراون و جەختیشی لەوەکردەوە، لێکۆڵینەوەی ورد لە بەڵگەکان دەکەن.

بڕیارە رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی 2024، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە سەرانسەری ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت، جۆ بایدن، سەرۆكی ئێستا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوو ركابەری سەرەكی هەڵبژاردنەكەن.