بۆ دروستکردنى چیپ ئەمریکا 6.4 ملیار دۆلار دەدات بە سامسۆنگ

وەزارەتى بازرگانى ئەمریکا لەراگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد یاداشتێکى لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ کۆمپانیاى سامسۆنگ واژۆکردوە بۆ دروستکردنى ژمارەیەکى زۆر لە چیپى بەهێز.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى وەزارەتى بازرگانى ئەمریکا، یاداشتنامەکە بە بەهاى 6.4 ملیار دۆلارە.

تەرخانکردنى ئەم بڕە پارەیە لەلایەن ئەمریکا بۆ کۆمپانیایەکى دروستکردنى چیپ، بە یەکێک لە نوێترین پاڵپشتییە داراییەکان دادەندرێت لەلایەن حکومەتی ئەمریکا، بۆ چەسپاندی پێشەنگی خۆی لە پیشەسازی چیپەکاندا.

پێشتر ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ملیارەها دۆلاری وەک پاڵپشتی بەخشیوەتە کۆمپانیاکانی ئینتێڵ و کۆمپانیای ( تی ئێس ئێم سی)تایوانی، بۆ بەهێزکردنی توانای خۆی لە بواری دروستکردنى چیپ، و خۆبەدورگرتن لە کەمهێنانی ئەو تەکنەلۆجیایەی ئێستا بە خوێنی ژیانی ئابوری جیهانی مۆدێرن دەناسرێت.

کۆمپانیای سامسۆنگ ئاماژەی بەوەکردووە، "پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر لە 40 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە دروستکردنى چیپ لە ناوچەکەدا بکات، بەمەش لە توانایدادەبێت زیاتر لە 20 هەزار هەلیکار دروستبکات".

چیپەکان رۆڵێکی زۆر گرنگن لە بەهێزکردنی ئامێرە ئەلکترۆنیییەکاندا دەبینین بەتایبەت لە بەکارهێنانى بۆ مۆبایلە زیرەکەکان و فڕۆکە جەنگییەکان.

لەم ساڵانەى دوایش خواست لەسەر چیپ لەلایەن کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلەوە زیادبووە، بەتایبەتی بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ئەمەش فشارەکانی زیادکردنی بەرهەمهێنان زیاتر دەکات.

لە ئێستادا پیشەسازی چیپی جیهان لە لایەن کۆمپانیاکانی وەک ( تی ئێس ئێم سی)تایوانی و (ئێن ڤیدیاوە) کۆنترۆڵکراوە کە هەردوو کۆمپانیاکە بنکەکانیان لە ئەمریکایە.