ئێف بی ئای: هاککەرە چینییەکان دزەیانکردووەتە ناو هەستیارترین ژێرخانی وڵاتەکەمان

وێنە: ئەسۆشیەیتد پرێس

بەڕێوەبەری ئاژانسی ئێف بی ئای ئەمریکی، کریستۆفەر رای، هۆشداریدا هاککەرە چینییەکان کە لەلایەن حکومەتی چینەوە پاڵپشتی دەکرێن، دزەیان کردووەتە ناو هەستیارترین ژێرخانی ئەمریکاوە و لە چاوەڕوانی ساتێکی گونجاودان بۆئەوەی زیانێکی گەورە بە وڵاتەکە بگەیەنن.

هەڵمەتە گەورەکەی هاککردن بە ڤۆڵت تایفۆن ناسراوە، کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری پەیوەندییەکان، وزە، ئاو و کەرتە گرنگەکانی دیکەی کردووەتە ئامانج، لەناویشیاندا 23 بەڕێوەبەری هێڵی ئاوی ئەمریکا هەبووە.

بەگوێرەی وتەکانی ڕای، چین ئامانجیەتی ژێرخانی ئەمریکا تێکبدات بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێ دروست بکات، هەرچەندە قورسە کە ئامانجی هێرشەکان دیاریبکەن، بەڵام بە درێژکراوەی سیاسەتی چینی دەزانن بۆ ڕێگریکردن لە پشتیوانی ئەمریکا بۆ تایوان، کە چین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، دەستوەردانی حکومەتەکەی ڕەتکردەوە و ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە سیاسیکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و تاوانبارکردنی چین بەبێ بەڵگە. هۆکاری ڤۆڵت تایفونیشی بۆ گروپێکی تاوانکاری رانسۆموێر گەڕاندەوە.