ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا راگرتنی مەرجداری تیکتۆکی لە ئەمریکا پەسەندکرد

لۆگۆی تیکتۆک، فۆتۆ: حەمە سوور

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەقێکی پەسەند کرد کە ئەگەر تیکتۆک پەیوەندییەکانی لە گەڵ چین و ئەو کۆمپانیایە نەچڕێنێت کە خاوەندارێتی دەکات ئەوا لە ئەمریکا قەدەغەدەکرێت.

رۆژی شەممە، 20ـی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەقێکی پەسەندکرد، کە هەڕەشەی قەدەغەکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک لە ئەمریکادا لەخۆدەگرێت، ئەگەر ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمپانیای خاوەندارەکەی 'بایتدانس' و دواتریش لەگەڵ چین نەپچڕێنێت.

بەرپرسانی ئەمریکا تۆڕی تیکتۆک بەوە تۆمەتباردەکەن کە رێگەی بە پەکین داوە سیخوڕی بەسەر 170 ملیۆن بەکارهێنەری ئەمریکییەوە بکات و یاری بە زانیارییەکانیانەوە بکات، دەقەکە پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی پیرانە بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێت.

تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تیکتۆک' بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیان لە ئەمریکا "پێشێلکردنی ئازادیی رادەربڕین"ـی 170 ملیۆن هاوڵاتیی ئەمریکییە، گوتەبێژی تۆڕەکە کە سەربە گرووپی چینیی 'بایتدانس'ـە، ئەوەشی خستوەتەڕوو، پێشنیازی یاسای قەدەغەکردنەکە دەبێتەهۆی لەناوبردنی هەزاران کۆمپانیا و داخستنی پلاتفۆرمێک کە ساڵانە بە بڕی 24 ملیار دۆلار بەشداری لە ئابووریی ئەمریکادا دەکات.