بەریتانیا وشەی نهێنیی باو و ئاسان قەدەغەدەکات

سێ کوڕ سەرقاڵی بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکن

وشە نهێنییە باو و ئاسانەکانی وەکو 12345، کە لەوانەیە زۆرینەمان بۆ چوونە ژوورەوە بۆ ناو هەژمارەکانمان بەکارمانهێنابێت، بە بڕیارێکی نوێ و لە هەنگاوێکدا بۆ پاراستنی ئامێرەکان لە هێرشی ئەلیکترۆنی، لە بەریتانیا قەدەغەدەکرێت.

ئەم رێوشوێنە نوێیە، ئەمڕۆ، 29ی نیسانی 2024، لە بەریتانیا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێتە یەکەم وڵات لە جیهاندا کە ئەم جۆرە یاسایەی هەبێت.

نۆردپاس، ماڵپەڕێکی بەڕێوەبردنی وشەی نهێنییە، بۆی دەرکەوتووە لە ساڵی رابردوودا، زۆرترین وشەی نهێنی بەکارهێنراو لە بەریتانیا "123456"بووە و لەدوای ئەویش وشەی "پاسوۆرد" خۆی.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک، ئەو ماڵە زیرەکانەی کە پڕبوون لە ئامێرە زیرەکەکان لەوانەیە رووبەڕووی زیاتر لە دوانزە هەزار هێرشی هاککردن لە سەرانسەری جیهاندا ببنەوە، هەروەها دوو هەزار و 684 هەوڵ بۆ پێشبینیکردنی وشەی نهێنیی لاواز لەسەر ئامێرەکان دەدرێت، بەریتانیا دەیەوێت لەرێگەی یاسا نوێکەیەوە، رێگری لە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ئامێرە زیرەکەکان بگرێت.

بەپێی یاساکە، کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئامێرەکانی پەیوەندیدار بە ئینتەرنێتەوە، لە مۆبایلەوە تاوەکو ساردکەرەوە تەکنەلۆجییە پێشکەوتووەکانیش، پێویستە ستانداردی ئاسایشی ئۆنڵاین جێبەجێبکەن.