تیکتۆک سکاڵا دژی ئەمریکا تۆماردەکات

لە عێراق هەوڵی قەدەغەكردنی ئەپلیكەیشنی تیكتۆك دەدرێت.

کۆمپانیای بایتدانسی چین و ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک، سکاڵای یاساییان دژی ئەمریکا تۆمارکرد و رایانگەیاند ئەو یاسایەی هەڕەشەی قەدەغەکردنی پلاتفۆرمە ڤیدیۆییەکە لە ئەمریکا دەکات " نادەستوورییە".

زۆرێک لە بەکارهێنەرانی ئەپەکە و رێکخراوە ناحکومییەکان، یاساکە بە پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕینی 170 ملیۆن بەکارهێنەری ئەمریکی دادەنێن.

پارێزەرانی کۆمپانیاکە رایانگەیاند :"بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کۆنگرێس یاسایەکی پەسەندکرد کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی یەک پلاتفۆرمی دەربڕین لە سەرانسەری وڵاتدا قەدەغەدەکات و رێگری لە بەشداریکردنی هەموو ئەمەریکییەک دەکات لە کۆمەڵگایەکی ئینتەرنێتیدا کە زیاتر لە یەک ملیار کەسی تێدا دەژی لە سەرانسەری جیهاندا".

کۆنگرێسی ئەمریکا، بە زۆرینەی دەنگ، پڕۆژە یاسایەکی پەسەندکرد کە تیکتۆک ناچاردەکات دەستبەرداری کۆمپانیای بایتدانسی چینی خاوەنی ببێت یان لە ئەمریکا قەدەغەدەکرێت.

حکومەتی ئەمریکا، تیکتۆک بە هەبوونی پەیوەندی بە چینەوە تۆمەتبار دەکات، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرانەکردووە کە تیکتۆک داتای بەکارهێنەرانی ئەمریکای لەگەڵ حکومەتی چیندا هاوبەشی پێکردووە.