ئیلۆن مەسک دژی راگرتنی تیکتۆکە لە ئەمریکا

ئیلۆن مەسك، ملیاردێری ئەمریكی و دامەزرێنەری كۆمپانیای سپەیس ئێكس. فۆتۆ: AP

ئیلۆن مەسک، بازرگانی ئەمریکی و خاوەنی پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، دژی قەدەغەکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆکە لە ئەمریکا، تەنانەت ئەگەر نەبوونی تیکتۆک واتای کێبڕکێیەکی کەمتر بێت بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی کە پێشتر بە تویتەر ناسرابوو.

مەسک لە پۆستێکدا لە ئێکس گوتی :"نابێت تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەغەبکرێت، هەرچەندە قەدەغەکردنی لەم جۆرە، لەوانەیە سوود بە پلاتفۆرمی ئێکس بگەیەنێت"، ملیاردێرەکە گوتیشی :"ئەم کارە دژی ئازادی رادەربڕینە".

ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی ئێکس، نیگەرانی خۆیان لە قەدەغەکردنی تیکتۆک دەربڕی، بۆچوونیان وایە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بە ئامانجگرتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.

بڕیارە ئەمڕۆ، 20ی نیسانی 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ جارێکی دیکە، دەنگ لەسەر پرۆژە یاسایەک بدات کە تیکتۆک ناچار دەکات واز لە کۆمپانیای بایتدانسی چینی بهێنێت، ئەگەرنا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا قەدەغەدەکرێت.

تیکتۆک پرۆژە یاساکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت زیان بە ئابووری ئەمریکا دەگەیەنێت و ئازادی رادەربڕین لاوازدەکات.

مانگی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پرۆژە یاسایەکی هاوشێوەی پەسەندکرد بۆ سەرکوتکردنی تیکتۆک، بەڵام لە ئەنجومەنی پیراندا راگیرا.