موزیک و گۆرانییەکانی تایلەر سویفت دەگەڕێنەوە تیکتۆک

بۆ جارێکی دیکە، موزیک و گۆرانییەکانی خانمە هونەرمەند و گۆرانیبێژی ئەمریکی، تایلەر سویفت، دەگەڕێنەوە سەر سەکۆی کۆمەڵایەتی تیکتۆک و پێشبینی بۆ گرێبەستێکی تایبەت دەکرێت لەنێوانیاندا.

لەماوەی رابردوودا، لە سایەی کشاندنەوەی بەرهەمە موزیکییە جیهانییەکان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک، زۆرینەی گۆرانییەکانی خانمە هونەرمەند و گۆرانیبێژی ئەمریکی، تایلەر سویفت کاریگەر بوون و لەسەر تۆڕەکە نەمان.

ئێستا، موزیک و گۆرانییەکانی ئەم گۆرانیبێژە، دەگەڕێنەوە سەر تۆڕەکە و بەگوێرەی زانیارییەکان، تایلەر سویفت، راستەوخۆ خاوەندارێتیی موزیکەکانی دەکات و مافی لەبەرگرتنەوەیان لە ئەستۆی خۆیدایە، ئەمەش وادەکات، لەبەردەم گرێبەستێکی کراوەدا بێت لەگەڵ کۆمپانیای تیکتۆک و پێکەوە بگەن بە رێککەوتن بۆ گەڕاندنەوەی تێکڕای موزیک و گۆرانییەکانی بۆسەر ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە.

سەکۆی فراوانی هەوادارانی تایلەر سویفت، کە بە سویفتییەکانیش ناسراوە، دڵخۆشن بە گەڕانەوەی گۆرانی و موزیکەکان بۆ تیکتۆک، ئەوان دەیانەوێت جیاواز لە هونەرمەندەکانی دیکە، شانازیی بە توانا و ناوبانگی ئەستێرەکەیانەوە بکەن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، 30ی کانونی دووەمی ئەمساڵ، کۆمپانیای یونیڤێرساڵ، بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، تێکڕای ئەو موزیک و گۆرانییانە لە تیکتۆک دەکشێنێتەوە، کە بەبێ گرێبەست و رێککەوتن بەکارهێنراون و ئاماژەی بەوە دا، تیکتۆک پارە بە موزیکی کەسانی دیکە پەیدادەکات و لە بەرامبەر بەکارهێنانیان، پارە نادات.

گەڕانەوەی موزیک و گۆرانی تایلەر سویفت، ناوبانگی ئەم خانمە گۆرانیبێژە زیاتر دەکات، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بڵاوبوونەوەی ئەلبومی داهاتووی، دەتوانێت قازانجێکی گەورە لە تیکتۆک بکات و زۆرینەی هەوادارەکانی بەشێوەیەکی ئازادانە، موزیکەکەی لەسەر ئەم تۆڕە بەکاربهێننەوە.