دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، رەخنە لە سیستمى وەرگرتنى خوێندکارانى دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە وەرزى خوێندنى 2023 بۆ 2024 دەگرێت و داواى هەڵوەشاندنەوەى دەکات.
دەستەکە نووسراوێکی فەرمی بەژمارە 121، لە 16ـى نیسان سەبارەت بە پرۆسەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی 2023 بۆ 2024 ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، پرۆسەی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی 2023 بۆ 2024، دەستپاکی زانستیی ئەکادیمیی خۆی لە دەستداوە.
داواشى لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە، پۆلێنکارى بۆ ئەو خوازیارانەی خوێندنی باڵا بکات کە بەگوێرەى رێسا کارپێکراوەکان وەرگیراون وەکو گرووپی یەکەم بەردەوامبن لە خوێندن و گرووپی دووەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی وەرگیرانەکانیان بدرێت.
نووسراوەکەی دەستەی دەستپاکی باسى لەوەشکردووە، ئەگەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نەیتوانی ئەم بریارە جێبەجێبکات، ئەوا سەرجەم پرۆسەی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی 2023 بۆ 2024 هەڵبوەشێنێتەوە و دووبارە دەرفەت بە پێشکەشکردن بدرێت.
لە وەرزى خوێندنى 2023 بۆ 2024، 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان بۆ حەوت هەزار و 614 کورسی پێشکەشکردبوو، زیاتر لە شەش هەزاریان وەرگیران.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى خوێندنى باڵا بە کەناڵ8ى راگەیاند، نووسراوەکەى دەستەى دەستپاکییان پێگەیشتووە و بۆچوونیان وایە هەڵە و زیادەرەویى زۆرى تێدایە، بەشێوەى فەرمى وەڵامى دەستەکە دەدەنەوە و ناوى هەموو ئەوانە بڵاودەکەنەوە کە سودمەندبوون لە وەرزى خوێندنى 2023 بۆ 2024.
لەکاتى پرۆسەکەدا وەزارەتى خوێندنى باڵا جەختیلەسەر جێبەجێکردنى پرەنسیپى دادپەروەرى و شەفافیەت و هەلى یەکسان کردەوە و رایگەیاندبوو، ھەموو ھەوڵێکیش دراوە کە پرۆسەى خاڵبەندى و رێکخستنی پێشبرکێی وەرگرتن لەنێوان پێشکەشکاران و پرۆسەی وردبینی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بێت، تاوەکو بنەماکانی شەفافیەت و دادپەروەری و ھەلی یەکسان بەتەواوەتى بەرجەستە بێت.