وەزارەتی پێشمەرگە سەرەمووچەی زیاتر لە 14 هەزار پێشمەرگە دەبەستێت

هێزەكانی پێشمەرگە. فۆتۆ: پەڕەی وەزارەتی پێشمەرگە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك

بەپێی چوار فەرمانی جیاواز، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، سەرمووچەی زیاتر لە 14 هەزار پێشمەرگە دەبەستێت و بڕیارە لەگەڵ مووچەی مانگی ئایار شایستەکانیان بەپێی پلە و قۆناغەکانیان وەربگرن، ئەوەش لەکاتێکدایە چەندین ساڵە سەرمووچەی وەزارەتەکانی دیکە نەدراون.

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی پێشمەرگە فەرمانێکی دەرکردووە بۆ خەرجکردنی سەرمووچەی پلەدار و پێشمەرگەکانی وەزارەت بە چوار لیستی جیاواز، لیستی یەکەمیان هەزار و 372 پلەدار و پێشمەرگەی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان لەخۆی دەگرێت، لیستی دووەمیان (10 هەزار و 579 پلەدار و پێشمەرگە)ی لیواکان لەخۆی دەگرێت.

هەروەها لە لیستی سێیەمدا (هەزار و 778 پلەدار و پێشمەرگە)ی هێزەکانی پشتیوانی یەک لەخۆی دەگرێت، لیستی چوارەم ناوی (559 پلەدار و پێشمەرگە)ی هێزەکانی پشتیوانی دوو لەخۆی دەگرێت.

ساڵانە وەزارەتی پێشمەرگە لەدوو لیستی (نەورۆز و ئەیلول) سەرەمووچەی پێشمەرگە دەردەکات، رۆژی 23ی نیسانی 2024 لە چوارچێوەی لیستی نەورۆز، سەرەمووچەی 14  هەزار و 288 پلەدار و پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتەکەی دەرکردووە، بەوپێیەش کارە کارگێڕییەکان دەستیانپێکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ مووچەی مانگی ئایار ببەسترێت.