سێ شانۆیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سلێمانی نمایشدەکرێن

کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد، میوانداریی چەند شانۆییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا نمایشەکانیان دەستپێدەکات.

بە ناونیشانی "ئاشنایەتی و ئاوێتەبوون لەگەڵ ئەزموونی شانۆکارەکانی رۆژهەڵات"، لە رۆژانی 16 بۆ 18ی نیسان، کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد، مەڵبەندی گشتی سلێمانی، بە سپۆنسەری بەکری بینەر، میوانداریی شانۆیی "تاسە"ی شاری سنە و شانۆییەکانی "جیهانی تەنیایی" و "پاکیزە"ی شاری بۆکان دەکات لە رۆژانی شانۆی رۆژهەڵات.

شانۆیی تاسە، لە نووسین و دەرهێنانی هەسەن تەرەقییە، جیهانی تەنیایی، خانمە نووسەری شانۆ، ناعومی واڵاس نووسیویەتی و شۆڕش تەباک دەرهێنانی بۆ دەکات، شانۆیی پاکیزەش، لە نووسینی تریفە کەریمیانە و سەعد قارەمانی دەرهێنانی بۆ دەکات.

بڕیارە شانۆییەکان، لەماوەی سێ رۆژدا، کاتژمێر پێنجی ئێوارە، لە هۆڵی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانی نمایشبکرێن.