دادگای فیدراڵی لەبارەى دوو سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

دادگاى فیدراڵیی عێراق. فۆتۆ: کەناڵ8

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، رۆژی 30ـى نیسانی 2024، لەبارەى دوو سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

بەگوێرەى خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی سێشەممە دادگاکە لەسەر پێنج سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە دوو لە سکاڵاکان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان.

سکاڵای یەکەم لەلایەن  جەبار سەنەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر محەمەد شیاع سودانی تۆمارکراوە و تایبەتە بەناردنی سێ گوژمەی قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەو پەرلەمانتارە داوا دەکات، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە نایاساییبوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەساڵی 2023 بۆ ناردنی بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار کە بەسێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.

ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی 2023ـى فەرمانبەران وەکو قەرز بۆ هەرێمی کوردستان نارد.

سکاڵای دووەم تایبەتە بەپرسی داخستنی کەمپی ئاوارەکان و نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق  لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، سکاڵاکە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی رافد ناسر عەبدولکەریم لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرى پەروەردە تۆمارکراوە.

سکاڵاکار لەسکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات، بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان کە بڕیارە تاوەکو 1ـی حوزەیرانی 2024 سەرجەم کەمپەکان دابخرێن، لەگەڵ بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ داخستنی نوێنەرایەتییەکانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.