قانع.. قەڵەمی خاک و دەنگی چەوساوەکان

یەکێکە لە دیارترین شاعیرەکانی مێژووی شیعری کوردی، قەڵەم و ئاوەزی خۆی بۆ بەرگریکردن لە نەتەوە و بەرەنگاربوونەوەی نەزانیی تەرخانکردووە، زۆرینە بە شاعیری چەوساوەکان ناوی دەهێنن، قانع، رێکەوتی حەوتی ئایاری 1965، کۆچیدوایی کردووە.

محەمەد، کوڕی شێخ عەبدولقادر، کوڕی شێخ سەعیدی دۆڵاشییە، ناسراوە بە قانع، رێکەوتی 15ی ئەیلولی 1898، لە گوندی ریشێنی بناری سوورێنی شارەزوور لەدایکبووە، کە لە بنەڕەتدا، بنەماڵەکەی سەر بە گوندی دۆڵاشی سەر بە شاری مەریوان بوون لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەکو خۆی دەڵێت، "ئامادەیی مەیدانم و ئەم بەرگە کە پۆشیم کفنە، نە وەکو جاکەت و پانتۆڵە لە بەرما، لە ئەسڵا خەڵکی دۆڵاشم، مەریوانە شوێنی ئەژدادم"، ئاماژە بەوەش دەدات، "محەمەد (کابلی)م ئەمما، تەخەلوس (قانع)م ناوە".

دەرەبەگەکانی شاری مەریوان، باوکی قانع ئاوارە دەکەن، موڵک و ماڵی داگیردەکەن و وەکو دەربەدەرێک روو دەکاتە بناری شارەزوور، ئەم شاعیرە پاش 14 خوشک، چاوی بە دونیا هەڵدێت، قانع، هەر لەگەڵ لەدایکبوونیدا و پاش چەند رۆژێک، باوکی کۆچیدوایی دەکات، لەگەڵ پێگەیشتندا و هەر بە زوویی، دایکیشی لەدەستدەدات، لەسەر دەستی مامەکانی گەورە دەبێت و پەروەردەی دەکەن.

ئاغا سەید حسێن، کە دانیشتووی گوندی چۆڕی ناوچەی مەریوان بووە، قانع دەباتە لای خۆی و لە حوجرە ئاینییەکاندا، بەگوێرەی نەریتی فەقێتی، لە سوختەییەوە دەستپێدەکات و دەچێتە بەر خوێندن، بەم جۆرە، قانع ئاڕاستەیەکی نوێی ژیانکردن دەگرێتە بەر و گۆڕانکارییەکان لە ژیانیدا روودەدەن، سەرەتای بەرکەوتنیشی لەگەڵ شیعردا، خوێندنەوەی دەقە شیعرییە سەرزەنشتییەکان دەبێت، ئەمە دەبێت بە بنچینەیەکی گەورە و بەهێز بۆ دروستبوونی کەسایەتییە شیعرییەکەی.

قانع لە ئاستی خوێندندا، خەمخۆرێکی گەورە بووە، چەندین شاری جیاوازی کوردستانی کردووە بەمەبەستی برەودان بە زانست و زانینەکەی، شارەکانی: شنۆ، سنە، مەهاباد، بیارە، سلێمانی، کۆیە، هەولێر و کەرکووک گەڕاوە بەمەبەستی فێربوون، دواقۆناغی خوێندنی لە مەریوان بووە و هەر لەم شارەدا دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە.

لەگەڵ دروستبوونی خولیای نووسینی شیعر، قانع بەرامبەر بە رووداو و هاوکێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی دەوری خۆی هەڵوێستی دەربڕیوە، بە چەندین شۆڕش و بزاوتی سیاسیی کاریگەر بووە، لەوانە: شۆڕشی ئۆکتۆبەری رووسیا و بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران، لە سایەیاندا شیعری نووسیوە، لە ئاستی گۆڕانی هاوکێشەی سیاسیی ناوچەکەدا، ئۆکتۆبەری سۆشیاڵیستی، کە بە پێچەوانەی نیاز و ویستی ئیمپریالیزم تای خۆی دەکێشێت، دەرئەنجام بارودۆخێکی نوێ بۆ گەل و وڵاتانی ناوچەکە دێتە ئاراوە، ئەمە دەبێت بە هەوێنی بیرکردنەوەیەکی نوێ لە ژیانی رۆشنبیریی شاعیراندا و قانع لە هەناوی ئەم هاوکێشەیەدا کاریگەر دەبێت، ماکی دەربەدەریی و نادادپەروەریی دەرەبەگایەتی، زیندوو دەبێتەوە و قانع خۆی بۆ دژایەتیکردنیان تەرخاندەکات.

لە ئاستی گۆڕانی ئاڕاستەی نووسینی شیعردا، سەرەتا بە ناوەڕۆکی دڵداری و ئاینیی دەستیپێکردووە و پاشان گۆڕاوە بۆ شیعری نیشتمانپەروەریی، بەرگریکردن لە جوتیار و هەژارانی کورد، بەم جۆرە، بەشێکی زۆری لە شیعرەکانی تەرخانکردووە بۆ رەخنەی سیاسی و تانەی لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان داوە.

بەرامبەر بە نەخوێندەواریی و زامی قووڵی نەزانین، ئاگاییەکی گەورەی هەبووە، قانع بەردەوام خوێنەران و خەڵکی هانداوە بەرەو ئاڕاستەی زانین بچن، شیعرەکانی هەوێنی بیرێکی فراوان و پێشکەوتووخوازیی بوون.

ئه‌ی وه‌ته‌ن خۆ مه‌ن به‌ ناحه‌ق سه‌رکه‌ز و ئاواره‌ نیم
رۆڵه‌که‌ی خۆتم به‌ پاکی دوژمن و خوێن خواره‌ نیم
چونکه‌ رۆڵه‌ی کوردستانم وه‌حشی و په‌تیاره‌ نیم
وا مه‌زانه‌ که‌وته‌ رۆژی خوی وه‌ها بێکاره‌ نیم

لە سەرەتای سییەکانی سەدەی رابردوودا، وەکو پێشڕەوێکی ئەدەبی، شان بە شانی بەرەی پێشەوەی بزووتنەوەی نیشتمانیی کورد هەنگاوی ناوە، قانع، سەرەتای پەنجاکانی سەدەی رابردوو، دەست دەداتە چاپکردنی بەشێک لە شیعرەکانی، بەشێوەی دیوانی جیاواز و قەوارەی تایبەت چاپیاندەکات، لەوانە: گوڵاڵەی مەریوان، باغچەی کوردستان، چوارباغی پێنجوێن، شاخی هەورامان، دەشتی گەرمیان، سروەی بەرەبەیان و پاشمەرگەی قانع، تاوەکو ناوەڕاستی شەستەکان، چەندین جار دوچاری ئازاری دەروون و دڵشکان دەبێت، هاوتای بەندکردن و راگواستنەوە بۆ شارە جیاوازەکانی عێراق.

هەر وەکو بەڵگەنامەکان ئاماژەی پێدەدەن، قانع لە لاوێتییدا دوچاری تەنگەنەفەسیی بووە، لە درەئەنجامیشدا هەر بەم نەخۆشییەوە کۆچیدوایی دەکات، سەرەتای ساڵی 1963، بەهۆکاری ئاڵۆزبوونی ناوچەکە، لەگەڵ دانیشتوانی چەند گوندێکدا، دەڕۆن بەرەو سنووری ئێران، لێرەدا دەستبەسەر دەکرێن و لەگەڵ وریای کوڕیدا دەبرێن بۆ بەندینخانەی قەجەر لە تاران، ماوەیەک لەم بەندینخانەیەدا دەمێنێتەوە و تەنگەنەفەسییەکەی دۆخی خراپ دەکات، لە شیعرێکیدا، بەم چەشنە باس لە کونجی بەندینخانە دەکات:

ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی به‌ندیخانه‌یه‌
ئه‌م که‌له‌بچه‌ مه‌رهه‌می زامی دڵی دێوانه‌یه‌
بووکی ئازادیم ئه‌وێ خوێنم خه‌نه‌س بۆ ده‌ست و پی‌ی
ئه‌ڵقه ‌ئه‌ڵقه‌ی پێوه‌نم وه‌ک پڵپڵه‌و له‌رزانه‌یه‌

پاش ئازادبوونی لە بەندینخانەی قەجەر، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژیانە ئاڵۆزەی جێیهێشتبوو، لە پێنجوێن دەگیرسێتەوە و لە سەرەتای بەهاری 1965، لە گوندی لەنگەدێی ناوچەی شلێر نیشتەجێ دەبێت، هەر لەم گوندەدا، رێکەوتی حەوتی ئایاری 1965، لە تەمەنی 67 ساڵییدا و بەدەم گۆشەگیرییەوە کۆچیدوایی دەکات و لە گۆڕستانی گوندەکە بەخاک دەسپێردرێت.