شانۆی ئازادیی فەلەستینی پاڵێوراوی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە

شانۆی ئازادی، کە شانۆیەکی کۆمەڵگەی فەلەستینییە، پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.

کۆمەڵگەی شانۆی ئازادی، کە لە ئاستی فەلەستیندا ناوبانگێکی گەورەی هەیە و بە پایەیەکی رۆشنبیریی فەلەستین لێی دەڕووانرێت، ئامانجی دروستکردنی بەرخۆدانە لەڕێگەی هونەرەوە، بەدرێژایی ماوەی دامەزراندن و کارکردنی، لەناو کەمپێکی ئاوارەکاندا، ستافەکەی، روبەڕووی هێرشی سەخت بوونەتەوە و هەر لە سەرەتاوە چەندین جار هەوڵی وەستاندن و رێگرییان دراوە.

لەماوەی رابردوودا، لەمیانی بۆردومانی هێزە ئیسرائیلییەکان، دامەزرێنەری ئەم شانۆیە کوژراوە و چەندین ئەندامی دیکەی دەستبەسەرکراون، 13ی کانونی دووەم، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆسەر شاری جەنین، کۆمەڵگەی شانۆی ئازادیی تێکشکێنرا و بەتەواوی لەناوبرا، پاشان، دەرهێنەری هونەریی شانۆکە، ئەحمەد توباسی، هاوتای بەرهەمهێنەر، موستەفا شەتا و شانۆکار جەمال ئەبو جوس، دەستبەسەرکران.

هەموو ئەو رووداوانەی بەسەر کۆمەڵگەی شانۆی ئازادیی هاتوون، پاڵنەر بوون بۆ پاڵاوتنیان بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی.

سەبارەت بەم پاڵاوتنە، رێکخەرانی خەڵاتی نۆبڵ، رایانگەیاندووە، "شەرەفمەندین کە رایبگەیەنین، شانۆی ئازادی، پاڵێوراوی نۆبڵی ئاشتییە، شانۆی ئازادی، بزووتنەوەیەکی هونەرییە کە لە کەمپی جەنینی فەلەستینەوە سەریهەڵداوە، بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە"، ئاماژە بەوەشکراوە، "دامەزرێنەران و شانۆکارانی ناو شانۆی ئازادی، پێکەوە خەونیان بە نەوەیەکی نوێ لە هونەرمەندان بینیوە، کە بتوانن لەناو دڵی جەنینەوە، دەنگ لە دژی داگیرکاریی و سەرکوتکاریی بەرزبکەنەوە".

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، بۆ یەکەمینجار، ساڵی 1901 دامەزراوە، یەکێکە لە پێنج سەرەکیترین ئەو خەڵاتانەی، لەلایەن کۆمیتەی خانەدانی نەرویجییەوە، بە دیارترین کەسایەتییە داهێنەرەکانی ساڵ دەبەخشرێن لە بوارەکانی: ئاشتی، کیمیا، فیزیا، فیسیۆلۆجی و پزیشکی.

بۆ ئەمساڵ، رێکەوتی 11ی تشرینی یەکەم، براوەی نۆبڵی ئاشتی رادەگەیەنرێت.