کەناڵ8 نوێترین زانیاریی لەبارەى سکاڵاکەی مەسرور بارزانی لە دادگای فیدراڵی ئاشکرادەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

پارێزەرى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو سکاڵایەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمارکراوە، رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرتووە و چاوەڕوانی وەڵامی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

ئەیاد کاکەیی، پارێزەرى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 گوتی: "دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دادگای باڵای فیدراڵی، بەشێوەیەکی فەرمی پسوولەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کۆمیسیۆن ناردووە".

گوتیشی "لەڕۆژی ئاگادارکردنەوەیەوە، پێویستە کۆمیسیۆن لەماوەی 15 رۆژدا، بە تیانووسێک وەڵامی خۆی سەبارەت بە سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی بکات".

پارێزەرەکەی مەسرور بارزانى باسیلەوەشکرد، "دوای گەیشتنەوەی وەڵامەکەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، وادەی دادبینی بۆ سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیاریی دەکرێت".

رۆژی 6ی ئایاری 2024، مەسرور بارزانی، لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵا لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆمارکرد و بە سەرپێچیکردنی بڕگەکانی دەستووری عێراق تۆمەتباری کرد و داوای راگرتنی رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد، تاوەکو کاتی یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکەی.

رۆژی 7ی ئایار، بنەما لەسەر سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، دادگای باڵای فیدراڵی، فەرمانێکی سالاریی 'ئەمر ولائی' دەرکرد و بڕیارییدا بە راگرتنی رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.