زووم ئەپلیکەیشنێکی تایبەت بۆ ڤیژن پرۆ دروستدەکات

زووم بۆ یەکەم جار ئەپەکەی بۆ ڤیژن پرۆیی ئەپڵ نمایشدەکات.

ئەپلیکەیشنی پەیوەندی ڤیدیۆی زووم، نوێترین ئەپی خۆی بۆ هێدسێتی ڤیژن پرۆی ئەپڵ ئاشکراکرد، کە 2ی شوبات بڵاوکرایەوە.

ئەپە نوێیەکەی زووم چەند تایبەتمەندییەکی هەیە، لەوانە پشتگیری لە تایبەتمەندی (پێرسۆنا)ی ئەپڵ دەکات، ئەم تایبەتمەندییە سکانی روخساری بەکارهێنەر دەکات و رێگەی پێدەدات کارەکتەرێکی خۆی لەناو دنیای ڤیژن پرۆدا هەبێت، زووم پشتگیری لێدەکات و رێگە بە بەشداربوانی کۆبوونەوەکان دەدات جوڵەی دەم و چاو و دەستەکانیان ببینن.

هەروەها ئەپی زووم سود لە تەکنەلۆجیای ئەی ئاری هێدسێتەکە وەردەگرێت و لە کاتی کۆبوونەوە و ئەنجامدانی پەیوەندیە ڤیدیۆییەکاندا تێکەڵ بە شوێنێکی فیزیکی دەبن و وەک ئەوەیە هەمووان هەستبکەن لە ژوورێکدان پێکەوە. 

ئەپلیکەیشنی پەیوەندی ڤیدیۆی زووم، لە ساڵی 2012 بڵاوکرایەوە، بەڵام لە سەردەمی کۆرۆنادا بەتەواوی بەربڵاوبوو و هاوڵاتیان لە هەموو جیهانەوە بۆ پەیوەندی و کۆبوونەوە و وانە خوێندن بەکاریاندەهێنا.