بینای "فیدراسیۆنی بریندارانی شەڕی داعش" لە قامیشلۆ بۆردوومانکرا

ماڵی برینداران لە قامیشلۆ كە بۆدروومانكرا. فۆتۆ: كەناڵ8

درۆنیکی بۆمبڕێژکراو لە شاری قامیشلۆ بیانەیەکی بۆردوومانکرد و بە گوێرەی میدیای رۆژاوای کوردستان دوو کەس بریندار بوون.

درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە دەگووترێت هی سوپای تورکیایە، بینای "فیدراسیۆنی بریندارانی شەڕی داعش"ی بۆردوومانکردووە.

ئاژانسی نۆرس پرێس، نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکردووە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا کوژراو و بریندار هەن.

ئاژانسی هەواڵی هاوار-یش رایگەیاندووە "لە هێرشەکەدا دوو کەس بریندار بوون، بەڵام باسی کوژراو نەکراوە".

لە کۆتایی ساڵی رابردوو و دەستپێکی ئەمساڵدا، هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی تورکیا بوونەتەوە، کە زۆرینەیان ناوەندە خزمەتگوزاری و نەوتییەکانن کە بە ئامانج گیراون و ئەمەش قەیرانی مرۆیی لە هەرێمەکەدا دروستکردووە.