وەزارەتی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا بڵاویکردەوە، لەپێناو رێگرییکردن لە دزەکردنی هەرەسی کانە زێڕەکە بۆ نێو رووباری فورات، سەرجەم دەرچەکانی چەمی سابرلییان داخستووە .
لەپاش هەرەسی کانێکی زێڕ لە شارۆچکەی ئیلیچ سەربە پارێزگای ئەرزینجان، وەزارەتی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی دەستبەجێ تیمەکانی وەزارەتیان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردووە راشیانگەیاندووە، بە مەبەستی رێگرییکردن لە گەیشتنی ماددەکانی نێو خاک و خۆڵی هەرەسەکە بە رووباری فورات، دەرچەکانی رژانی چەمی سابرلی بۆ نێو رووباری فورات داخراوە.
وەزارەتەکە باسی لەوەشکردووە، کارەکانیان لەناوچەکە بەردەوامە.
کاتژمێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 13ـى شوباتى 2024، کانێکى زێڕ لە شارۆچکەی ئیلیچ سەربە پارێزگای ئەرزینجان هەرەسی هێنا و بەگوێرەى لێدوانە فەرمییەکان، نۆ کرێکاری کانەکە تاوەکو ئێستا هەواڵیان نازانرێت.