زانیاری نوێ لەبارەى بۆردوومانى سنوورى ئاکرێ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە

لە بۆردوومانێکى فڕۆکەبێفرۆکەوانەکانى تورکیا لە سنوورى ئاکرێ دوو هاونیشتمانى گیانیانلەدەستدا.

کامەران عوسمان، لە تیمى کوردستانى عێراقى رێکخراوى "سى پى تى" بە کەناڵ8ى راگەیاند: لەکاتژمێر شەش و 45 خولەکی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆردوومانی "چیای سیارێ"یان لە گوندی کافیا لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ کرد.

گوتى "لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، دوو هاونیشتمانى بە ناوەکانی "عارف تەها تەمەن 61 ساڵ" و بەشیر عومەر عەلی تەمەن 68 ساڵ شەهیدبوون". کامەران عوسمان دەڵێت هەردوو شەهیدەکە پێشمەرگەی خانەنشین بوون.

ئاماژەى بەوەکرد، هەردوو هاونیشتمانییەکە، لەگەڵ دوو هاونیشتیمانی دیکەی گوندی کافیا بە ناوەکانی "عەبدوڵڵا کافی" و "سادق زێباری" بەمەبەستی ترش کردن چووبونە سەر رەز و باخەکانیان لە گوندی کافیا.

کامەران عوسمان رەتیکردەوە، دوو هاونیشتمانییەکەى دیکە برینداربووبن.

بەگوێرەى ئامارى رێکخراوى "سى پى تى" لە مانگی ئابی ساڵى 2015ەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومان و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان، 152 هاونیشتمانى گیانیانلەدەستداوە و 228 دیکە بریندار بوون.