براوەی وێنە ژێرئاوییەکانی ساڵی 2024 راگەیەندران

کێبركێی وێنەگرتن لەژێر ئاو بۆ ساڵی 2024، یەکێكە لە دەیارترین ئەو کێبڕکێیانەی بۆ وێنەی فۆتۆگرافی رێکدەخرێن، لە بواری وێنەی ژێر ئاودا، ساڵانە هەزاران کەس بەشداریی تیادا دەکەن، ئەم کێبڕکێیە لە بەریتانیا رێكدەخرێت، ئەو وێنانەی بەشداریی دەکەن، دەکرێت لە زەریا، دەریا، رووبار و تەنانەت حەوزی مەلەشدا گیرابن.

وێنەگری سویدی ئەلێکس داوسن، وێنەی مەلەوانێکی ژێر ئاوی گرتووە، کە تەماشای پاشماوەی نەهەنگێک دەکات، ئەم وێنەیە، نازناوی باشترین وێنەی ژێر ئاوی ساڵی 2024ی پێبەخشرا.

داوسن، تەنها لەبەر شایستە هونەرییەکەی نییە کە براوەی ئەم کێبڕکێیەیە، بەڵکو گێڕانەوە هەستبزوێنەکەی، وایکردووە، وێنەی "پاشماوەی نەهەنگێک" لە رۆژهەڵاتی گرنیلاند بتوانێت لەنێوان شەش هەزار و 500 بەشداربوودا، نازناوی سەرەکیی کێبڕکێکە بباتەوە.

یەکێکی دیکە لە وێنەکان دیمەنێکی نائاسایی چەند تانكێکی جەنگییە، کە لە قوڵایی 15 بۆ 28 مەتردا، بنکیان گرتووە و رووەکی ئاویی لەسەر لولەکانیان گەشەی کردووە.

ئەسپێکی ئاوی کورتە باڵا، لە سەرنجراکێشترین وێنەکانی ئەم کێبڕکێیە بوو، کە چاوی نیشانەی تایبەت و جیاوازی پێوەیە.

ساڵانە، کێبڕکێی هەڵبژاردنی باشترین فۆتۆگرافەری ژێرئاو، لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت، ساڵی 1965، لەسەر دەستی بێرنارد ئیتۆن، یەکەم فیلم فێستیڤاڵی ژێرئاوی برایتۆن رێکخراوە، هەر لە سایەی ئەم فێستیڤاڵەدا، یەکەمین کێبڕکێی فۆتۆگرافیی ژێرئاو سەریهەڵداوە.

لە ئاستی 13 پۆلی جیاوازدا، نازناو بە باشترین ئەو وێنانە دەبەخشێت کە کاریگەریی لەسەر گۆشەنیگای فۆتۆگرافەران دروستدەکەن، لە دیارترینیان: ماکرۆ، گۆشەی فراوان، هەڵسوکەوت، پاشماوەکان و باشترین فۆتۆ ژێرئاوییەکانی بەریتانیا.

لیستی دیارترین براوەکانی 2024 بریتین لە:

نازناوی گۆشەی فراوان:
ئێسک و پروسکی نەهەنگ، ئالێکس داوسن

نازناوی ماکرۆ:
وێنەیەکی نزیکی ئەسپێکی ئاوی، تالیا گریس

نازناوی پاشماوەکان:
تانکەکان، مارتن برۆین

نازناوی رەفتار:
کۆتایی تۆپەڵە خواردنێک، رافایێل فرناندێز کابیلێرۆ

نازناوی پۆرترەیت:
پەیوەندیی نەهەنگی خۆڵەمێشی، رافایێل فرناندێز کابیلێرۆ

نازناوی رەشوسپی:
سەماکەرانی ئاو، جاسمن سکای سمێس

نازناوی تێکەڵکردن:
نودیی ئاگراوی، ئێریکۆ سۆمۆگی

نازناوی گۆشەی فراوانی ئاوەکانی بەریتانیا:
Divebomb ، کات جۆو

نازناوی ماکرۆی ئاوەکانی بەریتانیا:
Star Attraction، جێنی ستۆک

نازناوی پێکەوەیی ژیان لە ئاوەکانی بەریتانیا:
Bottled Blenny ، کرستی ئاندروس

نازناوی تێکەڵکردنی ئاوەکانی بەریتانیا:
Catshark، جۆن بەنکر