محەمەد بن سەلمان سەردانی سووریا دەکات

شازادە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێگرەوەی سعودیە و سەرۆکوەزیرانی سعودیە. فۆتۆ: AP

سەرچاوەیەکى باڵاى دیبلۆماتکارى سووری ئاشکرایکردووە "محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بەمزووانە سەردانی سووریا دەکات".

سەرچاوە دیبلۆماتکارەکەى سووریا رایگەیاندووە، پەیوەندییەکانی دیمەشق و ریاز دوای شەڕ لە غەززە، وردە وردە پەرەدەستێنێت، ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، قەیرانەکانى لوبنان، بوونى هەژموونى ئێران لە سوریا، سوککردنى سزاکانى یاسای قەیسەر بەسەر حکومەتى دیمەشقەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە دەرچووە، ئەجێندانى سەردانەکەى محەمەد بن سەلمان دەبێت بۆ دیمەشق.

لەسەر ئەم پرسە، رۆژنامەی ئەلوەتەن-ی نزیک لە حکومەتى دیمەشق ئەو زانیارییەى رەتکردووتەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2011 ەوە تێكچوو، ئەو کاتەی سعودیە یەکێکبوو لە لایەنگرانی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە دەیویست دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بڕوخێنێت.

ساڵی 2012 سعودیە بڕیاریدا سەرجەم پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ سووریادا ببچڕێنێت و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەی لە سعودیە داخست و باڵیۆزەکەشی ناردەوە سووریا و باڵیۆزخانەکەی خۆی لە دیمەشق داخست.

ساڵى 2023، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا بە داوەتی فەرمیی ریاز، سەردانی سعودیەی کرد و ئەوەش یەکەمین سەردانی بەرپرسێکی باڵای دیمەشق بوو لە دوای ساڵی 2011 ەوە.

لەو رۆژەش بەدواوە، وڵاتانی عەرەبی وەک سعودیە و میسر و ئیمارات، دەیانەوێت هاوسەنگیی دروستبکەن بۆ چارەسەری سیاسیی قەیرانی سووریا و بڕیاردرا  لەسەر گەڕانەوەی نوێنەرایەتیى سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کە لە ساڵی2011  ەوە ئەندامێتی لەو کۆمکارەدا هەڵپەسێردرابوو.