وێنە.. گەنجانی عێراق کولتووری مانەوەی بیابان زیندوودەکەنەوە

لە بیابانی سەماوە لە باشوری عێراق، ژمارەیەک لە گەنجانی بەغدادی پایتەخت و بەسرە، کۆبوونەتەوە و سەرقاڵی رێکخستنی شەومانەوەیەکن لە هەناوی بیاباندا.

موراد حەسەن، یەکێکە لە گەنجە بەشداربووەکان و ئەندازیارە، جەخت لە ئارامبوونەوەی دەروون دەکات لە مانەوەی بیاباندا، هاوتای هاوڕێکانی، چێژێکی گەورە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکان دەبینێت لەم بیابانەدا، ئازادانە بەناو لمی بیاباندا لێدەخوڕن و تواناکانیان دەردەخەن، لەگەڵ دۆزینەوەی باشترین شوێندا، خێمەکانیان هەڵدەدەن و ئامادەکاریی بۆ خوانی ئێوارە دەکەن.

لە ساڵانی رابردوودا، تەنها کامپەر و شاخەوانە لێهاتووەکان خولیای مانەوە و کامپینگیان لە هەناوی بیاباندا هەبووە، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی سۆشیاڵمیدیا و بەکارهێنانی بەردەوامدا، گەشتیاری زیاتر روو لە بیابانەکانی عێراق دەکەن و کولتووری مانەوە و ژیاریی ناو بیابانیان زیندووکردووەتەوە.

دیارترین چالاکیی ئەم گەنجانە، ئاگرکردنەوە و ئامادەکردنی دیارترین خوانی عێراقییە، کە پێی دەگوترێت مەسگوف، ئەم خواردنە ماسی برژاوە و بەشێوەیەکی تایبەت ترش و خوێ دەکرێت و لەسەر ئاگری نەرم دروستدەکرێت.

لەگەڵ ئامادەکردنی خواردندا، یاری بە دۆمینە و تاوڵە دەکەن، دۆڕاوەکان دەست بەردەدەن و نۆرەی ئەوانی دیکە دێت، لەگەڵ ئامادەکردنی قاوەی عەرەبییدا، هەمووان پێدەکەنن و چیرۆک و سەرگوزەشتەکان بۆ یەکتر دەگێڕنەوە.

وێڕای بەسەربردنی کاتێکی خۆش، بەڵام هێشتا مەترسییەکان بەردەوامییان هەیە، بەهۆی پاشخانی پڕ لە جەنگ و ململانێ، بیابانەکانی عێراق وەکو لانکە و گۆڕەپانی جەنگ دەبینرێت و لە ئێستەشدا مەترسییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێشتا لەناونەچوون.

بەشێوەیەکی گشتی، چوونە دەرەوەیەکی لەم چەشنە، تێچووەکەی لەنێوان 100 بۆ 150 هەزار دیناردایە، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە خۆراکییەکان و دابینکردنی سووتەمەنی گواستنەوەیە، هێشتاش کۆمەڵگەی عێراقیی لە ئاستێکی نەریتییدا گرنگی بە گەشتی پیاوانەی بیابان دەدات و خانمان ناتوانن بەهەمان شێوە سەرقاڵی گەشت و مانەوەی ناو بیابان بن، وێڕای هەموو ئەم ئاستەنگ و بەربەستانە، بەڵام گەنجان بەردەوامن لە چێژوەرگرتن لە سروشتی وڵاتەکەیان و لە هەناوی بیاباندا خەون بۆ داهاتوویەکی گەشبین دەبینن.