فازڵ نەبى بۆ کەناڵ8: بۆ بەردەوامبوونى ناردنى مووچە پێویستە هەرێمى کوردستان و بەغداد رێکبکەون

فازڵ نەبى، بریکارى پێشووترى وەزارەتى دارایى عێراق. فۆتۆ: کەناڵ8

بریکارى پێشووترى وەزارەتى دارایى عێراق دەڵێت، لەمەودوا بەغداد بڕیار لەبارەى دامەزراندنى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەدات، پێشیوایە کە پێویستە وەفدێکى باڵاى هەرێمى کوردستان بچێتە بەغداد بۆ رێککەوتن، تاوەکو مانگەکانى داهاتوو مووچە بنێردرێت.

د.فازڵ نەبى، بریکارى پێشووترى وەزارەتى دارایى عێراق، لەمیانەى بەشدارییکردن لە تۆپسۆرییەکانى کوردستان کە کاتژمێر 11:00 لە کەناڵ8 پێشکەشدەکرێت رایگەیاند، "زۆر کەس قسە لەسەر بابەتى مووچە دەکەن کە بەداخەوە تایبەتمەندى ئەوان نییە، یاخود زۆر کەس لە بەغدادەوە دەڵێت بەیانى مووچە دێت یاخود دوو بەیانى دێت و خەڵکیان خستووەتە بارودۆخێکەوە کە بەداخەوە نابێت مووچەخۆران بەوشێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت".

گوتیشى، "بەغداد مووچە وەکو کارتێکى فشار بەرامبەر هەرێمى کوردستان بەکاردەهێنێت، سەبارەت بە مووچەى مانگى شوبات نەدەبوو بەوشێوەیە دوابکەوێت، چونکە بابەتى لیستى مووچە پەیوەندى بە ناردنى 618 ملیار دینارەکەوە نییە، چونکە ئەو بڕە پارەیە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاری لێداوە بنێردرێت، بەڵام بەغداد کردوویەتیە بیانوو بۆ ئەوەى مووچە دوابکەوێت و کێشە بۆ هەرێمى کوردستان دروستببێت".

فازڵ نەبى لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا ئاماژەى بەوەکرد، "مادام وەزیرى دارایى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى واژۆکردووە و هەر کاتێک گەیشتە بەغداد ئەو کاتە لە یەکشەممە یاخود دووشەممە پارەکە دەخریتەسەر هەژمارى بانکیى هەرێم، حکومەتى هەرێمى کوردستانیش پابەندە بەوەى مووچە دابەشبکات".

سەبارەت بەبڕیارى دادگاى فیدراڵى بۆ کردنەوەى هەژمارى بانکیى بۆ فەرمانبەرانى هەرێم و مووچەى مانگەکانى دواتر رایگەیاند، "ئەوان دەڵێن مووچەى مانگى دوو بە 618 ملیار دینارەکە دەنێرن و بۆ مانگى سێ پێویستە بڕیارى دادگاى فیدراڵى جێبەجێبکرێت و هەژمارى بانکیى بۆ مووچەخۆران بکرێتەوە و کارتى زیرەکیان پێبدرێت، ئەوەش کێشەیەکى گەورە بۆ مووچەخۆرانى هەرێم دروستدەکات، چونکە کردنەوەى هەژمارى بانکى پێویستى بە کارى زۆرە".

لەبارەى چۆنێتى چارەسەرکردنى کێشەکە، بریکارى پێشووترى وەزارەتى دارایى عێراق ئەوەى بە کەناڵ8 گوت، "بۆ ئەوەى کێشەى بۆ مووچەخۆران دروستنەبێت پێویستە وەفدێکى باڵا لە هەرێمى کوردستانەوە بچێتە بەغداد و لەگەڵیان دابنیشن و رێکبکەون و داوابکەن ناردنى 618 ملیار دینارەکە بەردەوامبێت و هەرێمى کوردستانیش دەستدەکات بە کردنەوەى هەژمارى بانکیى بۆ فەرمانبەران، چونکە بەغداد بەنیازە لەمانگى سێ پارەکە نەنێرێت و ئەو کاتەش مووچەخۆران تووشى کێشە دەبن، پێویستە پێش ئەوەى کێشە دروستببێت رێگرى لێبکرێت".

ئاماژەى بەوەشکرد، لەمەودوا بەغداد بڕیار لەبارەى دامەزراندنى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەدات، هەروەها لەبارەى  فەرمانبەرانی گرێبەستەوە دەڵێت: "دەتوانرێت بکرێنە هەمیشەیی".