رۆزا پارکس.. گۆڕانی مێژوو بە دەستی خانمێکی بوێر

لە هەناوی کولتوورێکی نێرسالارانەی رەگەزپەرستدا، دەنگی خانمێکی بوێر، بەرزدەبێتەوە و گۆڕانکاریی بەسەر کولتووری مامەڵەکردن لەگەڵ رەشپێست و ژناندا دێنێت، رۆزا پارکس، یەکێکە لە دیارترین ئەو خانمە چالاکوان و کەسایەتییە کاریگەرانەی، لە سەدەی رابردوو، هۆکاری ریفۆرم و گۆڕانکاریی بوون لە ئاستی کولتوور، کۆمەڵگە، سیاسەت و یاسای ئەمریکا.

رۆزا پارکس، ساڵی 1913 لە ویلایەتی ئالەبامای ئەمریکا لەدایکبووە، بە هاوکاریی خێزان و هاوسەرەکەی، قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنی بڕیوە و یەکێک بووە لەو خانمانەی لە چوارچێوەی سیستمێکی رەگەزپەرستانەدا، برەوی بە توانا و خوێندەوارییەکەی داوە، ساڵی 1932، لە تەمەنی 19 ساڵییدا، هاوسەرگیریی لەگەڵ رەیمند پارکس دەکات، کە هاوکارێکی گەورەی بووە لە تەواوکردنی خوێندن و بەشداریکردنی لە گروپ و کۆمەڵە چالاکوانەکانی ئەوکاتی رەشپێستەکانی ئەمریکا.

لە قۆناغی پێگەیشت و گەورەبوونی پارکسدا، رەشپێستەکان لەگەڵ سپیپێستەکانی ئەمریکا ژیاون، بەڵام بە هەمان جۆر، یاسا و بنەماکانیان بەسەردا جێبەجێنەکراوە و جیاکاریی و جیاوازییەکی گەورە لەنێوانیاندا هەبووە، لە دیارترین ئەو جیاوازییانەش، کە لەسەر بنەمای رەنگی پێست هەبوون، بریتیبوون لە: سنووردارکردنی خوێندنی رەشپێستەکان لە چوارچێوەی ژمارەیەکی دیاریکراو لە خوێندنگە، سنووردارکردنی بەدەستخستنی سەرچاوەکانی ئاو، سنووردارکردنی سەرچاوەکانی کتێب و کتێبخانەکان، دانانی یاسای توند و جیاکار لەسەر بنەمای رەنگی پێست.

تێکڕای جیاوازییە ژیاریی، کۆمەڵایەتی، کولتووریی و سیاسییەکان، پاڵنەرێکی گەورەی پارکس بوون، تاوەکو ببێت بە بەشێک لە کۆمەڵگەی مۆنتگۆمەری ئەمریکییە ئەفریقییەکان و ساڵی 1943، لە تەمەنی 30 ساڵییدا، دەبێت بە ئەندامێکی دیاری کۆمەڵگەکە و چالاکییەکانی دەستپێدەکەن.

یەکێک لە دیارترین جیاوازییەکانی ئەو سەردەمەی ئەمریکا لەنێوان دانیشتوانی رەشپێست و سپیپێستدا، دیاریکردنی شوێنی دانیشتنی هێڵی گواستنەوە گشتییەکانی وەکو شەمەندەفەر و پاسەکان بووە، رەشپپێستەکان، لەسایەی یاسای "رەشپێستەکان لەدواوە پێویستە دابنیشن"، هەستیان بە شەرم و لەدەستدانی شکۆمەندیی کردووە، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە، ناچار بوون پابەند بن بە یاساکان و بە سەرکەوتنی پاسە گشتییەکان، هەمووان لەدواوە دانیشتوون، رێکەوتی یەکی کانونی یەکەمی ساڵی 1955، رۆزا پارکس، یەکێک دەبێت لەو رەشپێستانەی پاسی گشتی بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوە، کاتێک شۆفێری پاسەکە، داوا لە رەشپێستەکان دەکات ریزی یەکەمی خۆیان ببەخشن بە سپیپێستەکان، هەمووان گوێڕایەڵ دەبن جگە لە پارکس، هەروەکو لە ژیاننامەکەیدا باسیدەکات، "خەڵک دەڵێن کە من ماندوو بووم، بۆیە جێگەکەم چۆڵنەکردووە.. بەڵام ئەوە راست نییە، من ماندوو نەبووم، چیتر هێزی ئەوەم نەبوو خۆم بدەم بەدەستەوە"، ئەم ململانێیە، دەبێتە هۆی دەستبەسەرکردنی پارکس و لەلایەن دوو پۆلیسەوە رەوانەی زیندان دەکرێت.

رێکەوتی پێنجی کانونی یەکەم، پارکس بە پێشێلکردنی یاسا تۆمەتبار دەکرێت و دادگاییەکەی دوادەخرێت و بەبەهای 14 دۆلار سزادەدرێت، ئەمە دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی خۆپیشاندانێکی گەورە و بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کۆمەڵگەی رەشپێستەکانی مۆنتگۆمەری بایکۆتی بەکارهێنانی هێڵە گشتییەکانی گواستنەوە دەکەن، یەکێتیی بەرەوپێشبردنی مۆنتگۆمەری و رەشپێستەکان، رووداوەکە بە هەل دەقۆزنەوە و مارتن لوسەر کینگ دەکەن بە رابەری خۆیان و بزاوتێکی ریفۆرمخواز پێکدەهێنن.

پرسی بایکۆتی مۆنتگۆمەری، بەشێوەیەکی گەورە کاریگەریی لەسەر دادگاکانی ئەمریکا دروستدەکات و کار لە دادگای باڵای ئەمریکاش دەکات، ئەمە توڕەبوونێکی گەورەی سپیپێستەکانی لێدەکەوێتەوە و چەند جارێک هێرش دەکرێتە سەر ئەندامانی کۆمەڵگەی رەشپێستەکانی مۆنتگۆمەری و دۆخەکە بەچەشنێک دەنگدەداتەوە، لە ئاستی جیهانییدا گرنگییەکی گەورەی پێدەدرێت.

رێکەوتی 13ی تشرینی دووەمی 1956، دادگای باڵای ئەمریکا، بڕیار دەدات، کە یاسای جیاوازیی رەگەزیی ناو هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی، نایاساییە و هەڵدەوەشێتەوە، بەم چەشنە، رۆز پارکس، دەبێت بە کەسایەتییەکی کاریگەر و گەورە لە هەموارکردنەوەی یاسا و پرسی بایکۆتی مۆنتگۆمەریش دەبێت بە رەوتێکی گەورەی چالاکوانیی لە بواری پاراستنی مافەکاندا.

پاش ئەم رووداوە، لەژێر فشار و مەترسییدا، پارکس و خێزانەکەی، روو دەکەنە شاری دیترۆیت، لەم شارەدا بەشێکی زۆر لە ئەندامانی خێزانەکەی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لەدەستدەدات، پارکس بە خۆڕاگریی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی کاریگەریی و کۆمەڵگەی رەشپێستەکان بەرەوپێشدەبات و ناوەند بۆ بەرەوپێشبردنی توانای گەنجانی رەشپێست دەکاتەوە.

لە ساڵانی خانەنشینبوونیدا، کتێبی "Rosa Parks: My Story" دەنووسێتەوە، ساڵی 1999، مەدالیای زێڕینی کۆنگرێسی پێدەبەخشرێت، کە بەرزترین رێزلێنانی وڵاتی ئەمریکایە لە ئاستی چینی هاوڵاتییدا و پارکس دەبێتە کەسایەتییەکی گەورە و مێژوویی وڵاتەکە و ناوی دەچێتە ریزی ناوە گەورەکانی وەکو، جۆرج واشنتۆن، تۆماس ئەدیسۆن و بێتی فۆرد.

رێکەوتی 24ی تشرینی یەکەمی 2005، لە تەمەنی 92 ساڵییدا، رۆزا پارکس کۆچیدوایی دەکات و دەبێت بە یەکەم ژن لە مێژووی ئەمریکا، رێگە بدرێت شکۆمەندانە لە چوارچێوەی سنووری کۆشکی سپیدا بنێژرێت و حکومەتی وڵاتەکە لە ئاستی سەرکردە و کەسایەتییە گەورەکاندا دایبنێت، بەڵام تەرمەکەی دەبرێتەوە بۆ گۆڕستانی وودلۆن لە دیترۆیت و لەوێ دەنێژرێت.