بە وێنە.. یادی راپەڕینی سۆران بەجلی کوردی و خواردنە کوردەوارییەکان کرایەوە

بەبۆنەی ڕۆژی جلی کوردی و یادی ڕاپەڕینی خەڵکی سۆرانەوە، زانکۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی  پەروەردەی سۆران، ڤیستڤاڵێکی کولتووری و هونەرییان لەناو زانکۆی سۆران سازکرد.

قوتابخانەکانی ئیدارەی سۆران، بە چالاکیی جۆراوجۆر بەشداریی فێستیڤاڵەکەیان کرد، کە تێیدا جل و بەرگی کوردی و کەلوپەل و خواردنی کوردەواری نمایشکران.

رۆژی 10ی ئازاری هەموو ساڵێک بە رۆژی جلی کوردی دیاری کراوە، لەم رۆژەدا هاونیشتمانییان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان بە جلی کوردییەوە دەچن بۆسەر کارەکانیان و ئەرکەکانیان بەجێدەهێنن، تەواویی رۆژەکەیان بەم جلانەوە بەسەردەبەن.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی بەهار و هاتنی سەری ساڵی کوردیدا، بۆنە و ئاهەنگە کوردییەکان زیاد دەکەن، رۆژی جلی کوردیش یەکێکە لەو رۆژانەی کە تایبەت کراوە بۆ زیندووکردنەوەی جلە کوردەوارییەکان و پاراستنی ئەو کولتوورە.

جگە لەم رۆژە، لە رۆژانی 20 و 21ی ئازاردا، کە دەکاتە رۆژی یەکی نەورۆزی 2724 و سەری ساڵی کوردی، هاونیشتمانیان بە جلی کوردییەوە دەچنە سەر شەقامەکان و ئاهەنگ دەگێڕن و ئاگری نەورۆز دەکەنەوە، لە رۆژانی دواتریشدا دەچنە دەرەوەی شارەکان و لەناو سروشتدا سەیران دەکەن.

وێڕای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا تاڕاددەیەک گۆڕانکاریی بەسەر شێوازی دیزاین و پۆشینی جلی کوردیدا هات، بەتایبەت جلی خانمان، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە شێوازی کوردەواریی و کولتوورییەکەی گەڕاوەتەوە، خانمان بە هەمان شێوەی جلی کوردی جاران جلەکان لەبەردەکەن و رەنگەکان رێکدەخەن و پارچە جیاوازەکانی وەک سەروکڵاو و کۆڵوانە لەگەڵ جلەکانیاندا بەکاردەهێنن.

جلی کوردی، جلێکی تایبەتە بە نەتەوەی کورد و بەشێکی سەرەکیی کولتوری کوردییە، جلی کوردی لە ڕووی شێواز و پۆشینەوە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەی کوردستان دەگۆڕێت بەڵام بەگشتی هەموویان مۆرکی کوردەوارییان پێوە دیارە، لەکۆنەوە تاوەکو ئێستا چەند گۆڕانکارییەک بەسەر جلوبەرگی کوردیدا هاتووە، بەڵام تایبەتمەندی و مۆرکی نەتەوەیی لەدەستنەداوە، بەزیندوێتی ماوەتەوە و بەشێک لە هاونیشتمانیان وەک جلێکی رۆژانە بەکاریدەهێنن نەک تەنها لە بۆنەکاندا.