ئاسایشى هەولێر: ئاگرەکەى ناوچەى پیشەسازى بەدەستى ئەنقەست کراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاشکرایکرد، پاش لێکۆڵینەوە لە ئاگرەکەى ناوچەى پیشەسازیى هەولێر، تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتى کردنەوەى ئاگرەکە دەستگیرکردووە.

ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، لە رێکەوتی 9ـى ئازارى 2024،  ئاگرێک لە کۆگای کۆمپانیای (دیکۆراس) لەناوچەی پیشەسازی باکووری شاری هەولێر کەوتەوە، بووە هۆی زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی و سوتانی تەواوی کۆگاکە.

ئاماژە بەوەکراوە، "پاش رووداوەکە لەلایەن تیمەکانمانەوە دەست بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە کرا، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت هۆکاری سوتانی ئەم کۆگایە شۆرتی کارەبا نەبووە بەڵکو بەمەبەست کەسێک ئەم تاوانەی ئەنجامداوە".

ئاسایشى هەولێر باسى لەوەشکردووە، "پاش بەدواداچوونی ورد و زیاتری تیمەکانمان، توانیمان ناسنامەی ئەوکەسە ئاشکرا بکەین کە هەڵساوە بەسوتاندی ئەم کۆگایە، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارمان دەستگیرکرد.

ئەوەش ئاشکراکراوە، تۆمەتبار لە لێکۆڵینەوەکان دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.