زاخۆ يه‌كێكه له‌و شارانه‌ى هه‌رێمى كوردستان، كه بە بوونی شوێنەوارە مێژووییەکان بەناوبانگە و دیارترینیان پردی دەلالە، له ته‌نيشت پردەکە، ئه‌مساڵ مۆزەخانەی هاوچەرخى زاخۆ كراوه‌ته‌وه، کە بەشێکی زۆر لە کەرستە و کەلوپەلە مێژووییەکانی ناوچەکەی تێدا نمایشکراوە، هەروەها، چەندین شوێنەواری مێژوویی، جلوبەرگی نەتەوەیی، چەک و کەرستەی لێنانی خواردن لەخۆدەگرێت.
ئەم مۆزه‌خانه هاوچه‌رخە بووەتە جێگەیەک بۆ کۆکردنەوە و پاراستنى شوێنه‌واره كۆن و دێرینه‌كانى سنوورى ئيداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆ، هەموو ئەو پارچە شوێنەوار و كه‌له‌پوورییانه‌ى كه پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری زاخۆوە پارێزرابوون له‌به‌ر نه‌بوونى جێگا، ئێستا هێنراونەتە ئەم مۆزەخانەیە.
له 15 شوباتى 2024، دواى نزيكەى ساڵێک كاركردن، به ئاماده‌بوونى سه‌رپه‌رشتيارى ئيداره‌ى سه‌ربه‌خۆى زاخۆ، گوهدار شێخۆ، مۆزەخانەی هاوچەرخى زاخۆ كرايه‌وه و کرایە خزمەتی کەرتی گەشتوگوزار و هاووڵاتییانی دەڤەرەکە هەرێمی کوردستان بە گشتی.
بەگوێرەی وتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زیاتر لە پێنج هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر ژیان لە زاخۆ هەبووە، ئێستا له مۆزه‌خانه‌كه زياتر له 300 پارچەی شوێنەواری پارێزراون، کە شوێنەواری میتانی و ئاشووریى لەخۆدەگرێت، هەروەها جۆره به‌ردێكیان نمايشكردووه كه مێژووەکەی بۆ 10 هه‌زار ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه، لەگەڵ چەندین شوێنه‌وارى گرنگى قشڵه‌ى كۆنى زاخۆ.
باسی لەوەشکردوە، دواى ئه‌وه‌ى له ساڵى 1909 ئينگليزەكان چوون بۆ زاخۆ، ئه‌و شوێنه تێكدرا و زۆرێك له پارچه‌كانى ديار نه‌مان، بەڵام لە هەمانكاتدا به‌رد هه‌يه مێژووەکەی هاوکاتە لەگەڵ دروستکردنی پردی دەلال (دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر)، بەردەکە شوێن پێی مرۆڤى له‌سه‌ره، لەگەڵ ئەمانەشدا په‌يكه‌رى هه‌رقل هه‌يه لە پێشانگەکەدا، هه‌روه‌ها شوێنێكى تايبه‌ت کراوەتەوە بۆ نمايشى چه‌ك كه له سه‌رده‌مى شۆرشه كوردييه‌كان بەکارهاتوون، كورسييه‌كى مه‌ترانى زاخۆی تێدا پارێزراوە كه بۆ 130 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه".
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دھۆک، هەزار و 400 ناوچەی شوێنەواریی و کەلەپووریی لە سنووری پارێزگاکە تۆمارکراون و لەئێستادا لە سەنتەری پارێزگای دھۆک و قەزاکانی ئامێدی، ئاکرێ و شێخان زياتر له 10 شوێنی شوێنەواریی نۆژەندەکرێنەوە.