وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی میت سەردانی بەغداد دەکەن

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سبەینێ پێنجشەممە بەبەشداریی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە بەغداد لوتکەی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەدەچێت.

ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سبەی لوتکەی ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) سەردانی بەغداد دەکەن.

تورکیا چەند مانگێکە ئامادەکاریی بۆ هێرشێکی نوێی سەربازیی دەکات بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و چەند رۆژی رابردووش هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن سەردانی ئەمریکایان کرد و میدیاکانی تورکیا باسیان لەوەکرد، لە سەردانەکەدا باس لە ئەگەری ئۆپراسیۆنەکە کراوە.

لەو بارەیەوە کەچەلی رایگەیاند، لەبارەی ئەو هەنگاوانەی بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دەینێن، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان ناکەن.

سەردانەکەی وەفدی باڵای تورکیا بۆ بەغداد دوو ئامانجی هەیە، یەکەمیان بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی عێراق و تورکیایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی بەغداد و هەولێرە بۆ ئۆپراسیۆنە چاوەڕونکراوەکەی سوپای تورکیا، ئامانجی دووەمیش ئامادەکارییە بۆ سەردانەکەی  رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە بڕیارە مانگی داهاتوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

سەرەتای ئەم مانگەش، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەمنزیکانە کۆبوونەوەی باڵای هەردوو وڵات لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و عێراقیش ئامادەکاریی خۆی بۆ کۆبوونەوەکە تەواوکردووە.